راگەیاندنی هاوبیرانی کوردایەتی سەبارەت گشتپرسی ... (بەگشتپرسی ئەیدۆڕێنین)

ماوەیەکە، پرسی ئەنجامدانی گشتپرسی و راگایاندنی سەربەخۆیی کوردستان، وەک 2 دو برالەی پێکەوەبەستراو،  کەوتۆتە سەرزاران کەدواهەمینیان پەیامەکەی بەڕێز مەسعود بارزانییە لەرۆژی 2/2/2016دا.

لەگەڵ رێزماندا بۆئەو پەیامە کە ژمارەیەک خاڵی ئەرێنی تێدایە، ئێمەی هاوبیرانی کوردایەتی، بەپێچەوانەی ئەوەی لەو پەیامدا هاتوە، رایئەگەیەنین کە بەستنەوەی پرسی سەربەخۆیی کوردستان بەگشتپرسییەوە، نەک هەر مەرجێک و پێویستییەکنیە، بەڵکو ئەو گشتپرسییە مەترسییەکیشە بۆ سەربەخۆیی کوردستان و ئەشێ لەم بارودۆخەی ئەمڕۆماندا هەلی سەربەخۆیی لەباربەرێ! وەک لەم خاڵانەی خوارەوەدا رونی ئەکەینەوە :

1-هاوڕاین لەگەڵ ئەو رستەیەی لە پەیامەکەدا هاتوەو ئەڵێ((ئەگەر گەلی کوردستان چاوەڕێی ئەوەبێ خەڵکی دیکە مافی سەربەخۆیی وەک دیاری پێشکەش بکات ئەوە هیچ کات سەربەخۆیی وەدەس نایەت )) بەڵام لەگەڵ ئەوەدانین کەئەو مافە لەڕێگەی گشتپرسییەوە دەستەبەربکرێ، چونکە بەدەر لەوەی خەڵکی هوشیار گشتپرسی لەسەر مافێکی رەوای خۆی ناکات، ئەبێ ئەو راستییەش لەبەرچاو بگرین کە مەرجنیە لەم بارودۆخەی ئەمڕۆی کوردستاندا زۆرینەی خەڵکی دەنگ بەسەربەخۆییەک بدات کەلەلایەن دەسەڵاتێکی کوردیی شکستخواردوەوە بانگەشەی بۆبکرێ! دەسەڵاتێک کە نوقمی گەندەڵیبێ و لەماوەی 25 ساڵی حوکمڕانییەکەیدا نەیتوانیبێ ئەوەندە ماڵی سپی بۆڕۆژێکی رەشی وەک ئەمڕۆ پاشەکەوتبکا کە موچەو بژێویی خەڵکی پێ دابین بکرێ. دەسەڵاتێک کەلەو ماوە درێژەدا ئاوڕێکی بەلای کەرتی کشتوکاڵی و پیشەسازیدا نەدابێتەوە، داهات و خەرجییەکانی بەڕونی نەخستبێتە بەر دیدی میللەت، حیزبایەتی بەڕادەیەک زاڵکردبێ بەسەر میللەت و حکومەتدا کەبەشی زۆری داهاتە گشتییەکانی بۆ سەرانی ئەو حیزبانە لادابێ و چینێکی سەرمایەداری بەناڕەوای لێدروستبوبێ و زۆرینەی خەڵکیش برسی و بێدەرامەتبن و هتد. نەک هەر چاوەروانی ئەرێنی لەو گشتپرسیە ناکرێ، بەڵکو ئەشیدۆڕێنین.

2-راستە هەندێ نەتەوە لەڕێگەی گشتپرسییەوە سەربەخۆییان راگەیاندوە، بەڵام زوربەی زۆری نەتەوەکانی جیهان، بەبێ گشتپرسی، سەربەخۆییان دەستەبەرکردوە بۆخۆیان. گشتپرسی لەناو نەتەوەیەکی هوشیارو لەژێر سایەی دیموکراسیدا ئەنجامدارئەبێ. لەناو نەتەوەکەی ئێمەدا نە هوشیاریی نەتەوەیی بونی هەیە نە دیموکراتی. بەگشتی، خەڵکی خاوەنی ئیرادەی خۆیاننین، بەڵکو چاویان لەدەمی حیزبەکانەوەیە، حیزبەکانیش هەریەکەو پەلی بەدەست یەکێک لەداگیرکەرانی کوردستانەوەیە!

3-ئەو گشتپرسییەی بەڕێز سەرۆکی هەرێم داوای ئەکا لەم بارودۆخەدا، ئەم ئەنجامانەی لێچاوەڕوان ئەکرێ:

 ١-بەڵگەنەویستە کەهەمو کەمە نەتەوەییەکانی ناو کوردستان دەنگ بەو سەربەخۆییە نادەن.

 ب-ئەو حیزب و کۆڕو کۆمەڵانەی پەلیان بەدەس داگیرکەرانی کوردستانەوەیە، تا ئەو داگیرکەرانە رازینەبن، ئەمان زاتی ئەوەناکەن دەنگ بۆ سەربەخۆیی بدەن. ئەو رازیبونەش هەرگیز لەوان چاوەروانناکرێ، بەڵکو هانی ئەڵقە لەگوێکانیان ئەدەن سنوقەکانی دەنگدان پڕکەن لەدەنگی ساختەی دژ بەسەربەخۆیی.

 ج-بەشێکی زۆری خەڵکی بێلایەنیش کەوتونەتە ژێر کاریگەریی ئەو حیزبانەوە کە بەردەوام ئەم خەڕەکانە لێئدەنەوە: (ئێستا کاتینیە، ئەبێ زەمینەسازیی بۆبکرێ، سنوری دەریاماننیە، ئابڵوقەی ئابوریمان ئەخرێتە سەرو. . هتد) ئەوە سەرباری بونی خەڵکانێکی نانەتەوەیی و ترسنۆک و سەرمایەدارانی هەلپەرست و بەرژەوەندیخوازی تایبەت کە دەنگ بۆ سەربەخۆیی نادەن.

هەمو ئەوانەو گەلێ هۆکاریتریش، ئەگەری دۆڕاندنی گشتپرسییەکەیان لێئەکرێ. کەدۆڕاش دەیان ساڵیتر هەلی سەربەخۆییمان لەدەسئەدا! ئنجا ئەگەر وایدابنێین گشتپرسی هەر مەرجە بۆ راگەیاندنی سەربەخۆییمان و بۆئەوەی کۆمەڵەی نەتەوە یەکگرتوەکان و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و دۆستانمان پشتی پێببەستن بۆ دانپیانان بە قەوارەی سەربەخۆمان، ئەوا ئەتوانین پێ لەسەر گشتپرسییەکەی ساڵی 2005 داگرین کە سەربەخۆیی ٩٨%ی دەنگەکانی بۆ درا. ئیتر گشتپرسیش هەر جارێک ئەکرێ ئەگەر زۆرینەی دەنگی تیادرا بۆسەربەخۆیی.

لەلایەکیترەوە، گریمان ئەو گشتپرسییەی لەپەیامەکەی بارزانیدا ئاماژەی بۆکراوە، سەرکەوتوشبێ، ئاخۆ ئیتر بەوە، ئەو دنیایە تیشکی سەوزمان بۆهەڵئەکا بۆ سەبەخۆیی!؟ راستییەکەی بۆ سەربەخۆیی هەر نەتەوەیەک، نابێ چاوەروانی رەزامەندی نەتەوەکانیتر بکرێ. ئێمە هەرکات سەربەخۆیی خۆمان راگەیاند، هەرنەتەوەیەکیتر ئەگەر بەرژەوەندییەکی لەو سەربەخۆییەدا هەبێ، دانمان پێدائەنێ و ئەشێ پشتگیریشمان بکا. ئەگەر نا، ئەوا بەلایەنی کەمەوە بێدەنگی هەڵئەبژێرێ. ئەوەشی شەڕێکی ناڕەوامان لەدژبکا، ئەوا شەڕەو یەخەمان ئەگرێ، ئەگەر نەیکەین خوا ئەمانگرێ. ئەوانە بەبێ سەربەخۆییش، بەڵکو لەسەر هیچیش، هەر شەڕی لەناوبردنیان لەگەڵ کردوین و ئەیکەن، بەڵام لەئەنجامدا سەرکەوتن هەر بۆ هەق و رەوایەتی ئەبێ و دوا نمونەیان داعشە کە هەمو دنیای خستۆتە لەرزین، بەڵام لەئاستی ئیرادەی نەتەوەکەماندا، هەر تێکشکان بەشیەتی و بەشی هەمو نەیارانی سەربەخۆیی کوردستان ئەبێ. بۆیە داوا لەبەڕیز بارزانی ئەکەین ئیتر لەدەرگای گشتپرسی نەدات، سەربەخۆییش لەکاژێری نهێنیی سفردا رابگەیەنرێ بێ درکاندنی پێشوەخت، تادەرفەت نەدرێ بەوریابونەوەو گەلەکۆمەکێی نەیاران.        

                                                               هاوبیرانی کوردایەتی 3/2/2016 باشوری کوردستان

 

Related Articles