دەوڵەتی کوردی دادەمەزرێت یان لەباردەبرێت ؟ -بەشی دووەم ... مەهدی خالید خەمبار

ئەمانەی باسمانکرد بەشێکن لە خەرواری قیران و کێشەکان .

لە مێژودا نەرێتێک کە پشتاو پشت بۆمان بە ئەمانەت مابێتەوە نەبونی سەرکردەی سیاسی لێهاتوی ئەکادیمیە و نەبونی عەقڵی بەڕێوەبردن و خۆ بەکەمزانینمانە لە ئاستی داگیرکەران .

بە ئەمانەتەوە من وتەیەکی مام جەلال دەگێڕمەوە کە بەر لە ڕوخانی ڕژێمی دیکتاتۆری لە کۆبونەوەیەکی جەنابیان لە گەڵ مەڵبەندی دەرەوە و بەرپرسانی کۆمیتەکان لە لەندەن ڕێکخرابو بەندەش شەرەفی بەشداریم پێبڕا، لەم کۆبونەوە فراوانە کە بۆ تەتەڵەکردنی دۆخی کوردستان و عێراق و ناوچەکە و وەرگرتنی بێر و بۆچونی کادیرانی ناوەند سازکرا، لێرەدا نامەوێ باس لە کۆی ناوەڕۆکی کۆبونەوەکە بکەم، تاکە خاڵێک کە دەهێنێت لە سەری هەڵوێستە بکەم ئەم ڕەخنەیەی کادیران و ئەم وەڵامەی جەنابی مام جەلال بو، ڕەخنەی چون و سەردانیکردنی بەردەوامی بێبەرامبەری بۆ لای بارزانی بو لە سەری ڕەش نەبونی هەمان ئامادەگی لە بارزانی و پارتیدا ؟؟ زۆر بە بەئاسایی و شانازیەوە وتی من بەردەوام لە سەردانیم بۆ تورکیا و ئێران ولای کەسانیێ کە دانی خێر بە کوردا نانێن، تەوقەیان لەگەڵ دەکەم . وتی کاتێ دەچم بۆ لای کاک مەسعود هیچ نەبێت دەست دەخەمە نێو دەستی سەرکردەیەکی کورد، لە درێژەی قسەکانیدا وتی ئامادەم لە پێناو چارەسەری تاکە کێشەیەکدا سەد جار بچم بۆ پیرمام و دیدار لە گەڵ پارتی و بارزانی بکەم. ئەمە ڕوحیەتی سەرکردەی خۆنەویست و سەرکردەی سەرکردەیە لە ئێستاشدا ونبونی ئەم حەکیم و حیکمەتەیە، ئەم دید و تێڕامانەیە، ونبونی ئەو دەستە گەرمەیە کە دەیخستە نێو هەمو دەستێک کە نیەتی چارەکردنی کێشەیەکی گەل بێت .

لێرەدا ئەمە ئەوەمان پێدەڵێت کە تاڵەبانی ئەو دەستەی ئاشتیبوە کە هەمیشە بۆ چارەسەری قەیرانەکان خراوەتە نێو دەستی هاوتاکەی بارزانی، لە غیابی مامدا هەست بە نەمانی دەستی ئاشتین دەکرێ بۆیە لە هەمو لایەکەوە هەمو دۆخەکان لەوپەڕی ئاڵۆزیدان ، گەورەیی و سەروەریە بۆ هەر کاک و دادەیەک کە بتوانێت لە کەلی شەیتان بێتەخوارەوە و ببت بە فریادڕەس و سەرکردایەتی گەلەکەمان لەم دۆخەدا بکات و بە کەناری ئارامیمان بگەێنێت. بە بۆچونی بەندە بە پشتبەستن بە مەنتیقی عەقڵ ڕەنگە تاکە فریادڕەسێک کە بتوانێت بوێرانە ڕۆڵی مام ببینێت و فریای ئەم دۆخە چەقبەستوە بکەوێت جەنابی کاک نەوشیروانە لە هاوشانی جەنابی کاک مەسعود !

من تا ئێستا لەو لوغزە نەگەیشتوم کە ئاخۆ جەنابی سەرۆکی هەرێم نایەوێت یان ناهێڵن وەک سەرۆکی هەرێم ڕۆڵێکی تەندروست ببینێت ؟ لە هەردو حاڵەتەکەشدا سەرۆک دەکەوێتە بەر ڕەخنە و گازندەی هەم حیزب و لایەن و هەمیش تاکەکانی کۆمەڵگا، هەق نیە نە خۆیان و نە حیزبەکەشی ئەو مافە لە کەس زەوتبکات کە جەنابی کاک مەسعود بارزانی بە سەرۆکی هەرێم نەزانن، چونکە ئەم بۆچونانە لەخۆڕا و بێبنەما لای تاکی کورد گەڵاڵە نەبونە وەلائی لە ڕادەبەدەری بارزانی بۆ حیزبەکەی وای لەو خەڵکە کردوە کە ئیتر متمانەیان بە دۆزینەوەی چارەسەر بۆ کێشەکان و ڕێکخستنەوە و یەکخستنەوەی نێو ماڵی کورد لە لایەن سەرۆکی پارتیەوە تەواو تەواو لەق بوە!! .

                         ماویەتی

Related Articles