لە چاوەڕوانی فریادڕەسدا. . . شێرزاد وڵاتدۆست

  قوڵتربوونەوەی قەیرانەکان و بێدەنگی هاوڵاتیان جێی سەرنجە، بەجۆرێک کۆمەڵێک پرسیار دێنێتە پێشەوە کە ئاخۆ چ هۆکارگەلێک لە پشت بێدەنگ بوونی دەنگی ناڕازی و سڕ بوونی شەقامەوەیە ؟، ئایا هۆکار چیە خۆپیشاندان و جوڵانی شەقام لە ئێستا دا گۆراوە بە بوونی دەنگێکی کزی ناڕازی کە چەند شوێن و میدیاکان دا ڕۆژانە بەر گوێمان دەکەوێت لەگەڵ بوونی خراپترین هەلومەرجی ژیان لە هەرێمی کوردستان بەراورد بەچەند ساڵی ڕابردوو؟!. ئاخۆ هاوڵاتیان بەڕاستی بێزار بوون لە خۆپیشاندان و داواکارکردنی مەفەکانیان لە دەسەڵاتێک کە بەرپرسە لە ئاست بوونی خەرمانێک لە قەیران و گیروگرفت، یاخود بەڕاستی هاوڵاتیان خۆیان لەگەڵ ئەم باردۆخە گونجاندووە و دڵنیان لەم بەرودۆخە حکومەت هەر ئەوەندە دەسەڵاتی هەیە لە ساڵێک دا چەند مانگێک نیو مووچە و چەند کاتژمێرێک کارابا بدات !!! بەڵام پێناچێت ئەم هۆکارانە هۆکارگەلی سەرەکی بن بۆ بێ دەنگی و نەبوونی ناڕەزیەتیەکی دیار لە چوارچێوەی خۆپیشاندان و سەرهەڵدان، بەڵام وادیارە ئەمجارە هاوڵاتیان لە چاوەڕوانی هاتنی فریادڕەسێکن بۆ ڕزگارکردنیان لەم باردۆخە؟!.

لێ ئاخۆ هیچ فریادرەسێک بوونی هەیە، ئایا عیسایەک یان محمدی مەهدیەک لە ئاسمانەوە دێتە خوارەوە و دەبێتە فریادرەس و بۆ چارەی قەیرانەکانی ئەم هەرێمە !!، یاخود بەشێوەیەکی تر هاوڵاتیان لە چاوەڕێی ئەوەدان وڵاتێکی دەرەکی بە هانای کێشە و گرفتەکانی ئەم مەملەکەتەوە بێت و بێت بە فریادرەس، بێ گومان و بە دڵنیایەوە وڵامەکەی نەخێرە، چونکە هیچ کەس و هیچ لایەنێک وەک فریادڕەس بوونی نیە بۆستەملێکراوانێک کە بەرامبەر ستمکار بە دەنگ نایەن و ناڵێن نا. بەدرێژای ساڵانی ڕابردوو لە دوای ڕاپەڕین و پێکهێنانی پەرلەمان و حکومەت، ساڵ لە دوای ساڵ هاوڵاتیان لە چاوەڕێی بە دیهێنانی ئە بەڵێنە بریقەدارانە بوون،  کە بە درێژایی (25) ساڵی رابردوو لەلایان دوو حزبی دەسەڵات دار پێیان درابوو، بەڵام نەک ئەو بەڵێنانە بەدی نەهات بەڵکو سادەترین ماف کە خۆی دەدیەتەوە لە ژیانێکی شیاو بەدی نەهات بۆ گەلێک، کە ساڵەهای ساڵ لە ژێر چەپووکی دڕەندەدەترین داگیردابوو.

 گرنگە دیسان ئاماژە ئەوەیە هەتاوەکو کوڵان و شەقامی شارو شارۆچەکەکانی هەرێمی کوردستان پر نەبێت لە دەنگی ناڕازی لە هەموو چین و توێژەکان و بەیەک دەنگ نەڵێین نا بۆ دەسەڵاتێکی شکستخواردوو نا بۆ دەسەڵاتێکی مافیا ئاسا نابۆ ژیانێکی شاهانە بۆ ئەوان و ژیانێکی کۆیلە ئاسا بۆ ئێمە نا بۆ چیتر بەتاڵان بردنی داهاتی ئەم میللەتە نا بۆ کوشتنی ڕۆژنامەنوس نا بۆ مانەوە بە شێوە کارتۆنی یاسا و دادگا نا برسیکردنی هاوڵاتیان نا. . . نا. . . نا. . ، بێگومان هەتا ئەم دەنگە ناڕازیانە نەبن بەیەک بە یەدەنگ هاور نەکەن و بناغەی دەسەڵاتی گەندەڵکاران نەهێنە لەرزین ، نە دەسەڵات مل کەچ دەبێت و نە باردۆخی ژیان باشتر و شیاو تر دەبێت، بەڵکو ڕۆژ لە دوای رۆژ بەرەو بارودۆخی سەخت تر خراپتر هەنگاو دەنێین.

Related Articles