هیوادارم بە ئەنقەست نەبووبێ‌… محه‌مه‌د ئه‌حمه‌د

كەناڵی پەیامی كۆمەڵی ئیسلامی لە بەرنامەیەكی سیاسییدا لەگەڵ میوانێكیدا, ئاڵای كوردستانی سەرەوژێر دانابوو! سەبارەت بەو كارەی كەناڵی پەیام بیروبۆچوونی جیاواز هەیە. . هەندێ‌ پێیانوایە بە ئەنقەست ئەو كارەیان كردووە, هەندێكیش پێیانوایە بە هەڵە و بێ‌ مەبەست ئەو كارە روویداوە, هەندێكی تر دەڵێن ئەگەر بە ئەنقەستیش نەبووبێ‌ ئەوا كارەساتە بۆ ئاستی سیاسی و رۆشنبیریی ئەو كەناڵە كە درك بە هەڵەیەكی ئاوا زەق و بەرچاو نەكەن!
هەروەها هەندێكی دیكە پێیانوایە كە كۆمەڵی ئیسلامی و كەناڵەكەی بە ئەنقەست ئەو كارەیان ئەنجامداوە, ئەویش بۆ دژایەتیكردنی ئاڵای كوردستان و دەربرَینی وەلائو دڵسۆزییانە بۆ ئێران, چونكە ئاڵای ئێرانیش رەنگە سەوزەكەی لە سەرەوەیە و رەنگە سوورەكەشی لە ژێرەوەیە! واتا رێك بە پێچەوانەی ئاڵای كوردستانەوە. . . دەگوترێت كاتی خۆیشی یەكێك لەو هۆكار و پاساوانەی كە ئێرانیەكان پێشەوا قازی محەمەدیان پێ‌ لەسێدارەدا, لەسەر ئەوەبوو كە گوایە ئاڵای ئێرانی هەڵگێڕاوەتەوە و ئاڵای كوردستانی لێدرووستكردووە!.
هیوادارم ئەو كارەی كەناڵی پەیام و كۆمەڵی ئیسلامی بە ئەنقەست نەبووبێ‌ بەڵكوو بە هەڵەو لە بێئاگاییەوە روویدابێ‌.

20-08-2016

Related Articles