دیمستورا بانگهێشتنامەی بۆ لایەنەکانی ئۆپۆزسیۆنی سووریا نارد و پەیەدەی تێدا نییە

وتەبێژی گروپی ئۆپۆزسیۆنی سووریا ڕایگەیاند، لەلایەن نێردەی تایبەتی سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکانەوە بانگهێشت کراون بۆ بەشداری لە کۆبوونەوەی کۆتایی ئەم مانگەی جنێڤ. ئەوەشی وت کە نوێنەرانی پەیەدە بانگهێشتی کۆبوونەوەکە نەکراون.

قەدری جەمیل وتەبێژی گروپی ئۆپۆزسیۆنی سووریا ڕایگەیاند، بانگهێشتنامەی ستیڤان دیمستورا نێردەی تایبەتی سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ گفتوگۆکانی سووریایان پێگەیشتووە بۆ بەشداریکردن لە خولی داھاتووی گفتوگۆکانی تایبەت بە ڕەوشی سووریا کە بڕیارە لە کۆتایی ئەم مانگە لە جنێڤ بەڕێوە بچن. جەمیل بە ئاژانسی تاسی ڕووسی ڕاگەیاندووە بەشداربووان ھەر ئەوانەی مانگی ئادارن، و نوێنەرانی پەیەدە بانگهێشتی کۆبوونەوەکەی جنێڤ نەکراون.

جێی باسە، دوێنێ ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان، پڕۆژە بڕیارێکی ڕووسیای رەتکردەوە بۆ بەشداریکردنی پەیەدە لە گفتوگۆکانی جنێڤ. سێرگی لاڤرۆڤ وەزیری دەرەوەی ڕووسیاش ڕایگەیاندووە، بەر لە 13ی نیسان، بڕیارە ستیڤان دیمستورا سەردانی مۆسکۆ بکات.

Related Articles