سەرکردەیەکی سەدر: دوای شەڕی موسڵ، قاسم سلێمانی نیوەی حەشدی شەعبی ڕەوانەی سووریا دەکات. . .

ڕۆژنامەی سیاسەی کوێتی لە زاری سەکردەیەکی ڕەوتی سەدر بڵاویکردووەتەوە کە قاسم سلێمانی فەرماندەی سوپای قودسی ئێرانی لەگەڵ بەرپرسانی حەشدی شەعبی کۆبووەتەوە و پێی ڕاگەیاندوون کە دوای شەڕی موسڵ بۆ هاوکاریی بەشار ئەسەد نێوەیان ڕەوانەی سووریا دەکات.

سەرچاوەکە ئاماژەی بەوە داوە لە کۆبوونەوەکەدا هەریەکە لە هادی عامری سەرۆکی ڕێکخراوی بەدر و ئەبو مەهدی موهەندیس سەرۆکی حزبوڵڵای عێراقی و سەرایای خوراسان بە سەرکردایەتی عەلی ئەلیاسری و قەیس خەزعەلی سەروکی عەسائیب ئەهل حەق و چەندین بەرپرسی دیاری سەربازیی ناو حەشدی شەعبی بەشدار بوون.

سەرچاوەکە ئاماژە بەوەش کردووە کە ئێران بەو هەنگاوە هاوسەنگیی هێز لە ناوچەکەدا دەگۆڕێت، چونکە دەتوانن لە ڕێگی موسڵەوە بە ئاسانی بگەنە سووریا و هاوکاریی هێزەکانی بەشار ئەسەد بکەن، بەو پێیە هێزەکانی حەشدی شەعبی شارەزایەکی باشیان هەیە لە شەڕی ناوشارەکاندا.

هەر بەپێی سەرچاوەکە، ئەم هەنگاوەی ئێران دوای ئەوە دێت کە ژمارەیەکی زۆر لە سەرکردە سەربازییەکانی ئەو وڵاتە لە شەڕی سووریا لەلایەن ئوپوزسیونەوە کۆژراون کە شانبەشانی هێزەکانی حزبوڵڵای لوبنانی و بەشار ئەسەدا شەڕیان دەکرد.

Related Articles