ئاوارەکانی مووسل وەک شوێنێکی جێی متمانە ڕوو لە هەرێمی کوردستان دەکەن. . .

بەپێی ڕاپۆرتێکی ڕۆژنامەی (شەرقولئەوسەتی لەندەنی) لە ترسی چەکدارانی داعش و بۆردومانی فڕۆکە جەنگییەکان، ڕۆژانە خەڵک لە باشووری موسڵەوە خۆیان دەگەیننە سەنگەرەکانی پێشمەرگە و لەلایەن کوردەکانەوە پێشوازییان لێدەکرێت.

بەپێی ڕاپۆرتەکە، هێزەکانی پێشمەرگەی کوردستان لەکاتی گەیشتنی هاووڵاتیانی سڤیلی هەڵاتوو، هاوکارییان دەکەن و ئاو و پێداویستییە خۆراکییە سەرەتاییەکانیان بۆ دابین دەکەن، دواتر دەگوازرێنەوە بۆ کەمپەکانی تایبەت بە پەنابەران.

لەو پەیوەندییەدا یەکێک لە هاووڵاتییە هەڵاتووەکان کە دانیشتووی شارۆچکەی (حاج عەلی)ە دەڵێت "فڕۆکەکان خانووی ئێمەیان کردە ئامانج و وێرانیان کرد کە دوای دەرکردنمان، لەلایەن داعشەوە کرابوو بە بارەگای سەربازی. ئێستا ئێمە هەڵاتووین و کاتێک نزیکی بنکەکانی پێشمەرگە بووین، بە ئالای سپییەوە خۆمان رادەستکردووە، داوا لە دەوڵەتان دەکەین بەتایبەت سعودیە کە هاوکاریمان بکەن، چونکە هەرێمی کوردستان لە قەیرانێکی داراییدایە و خەڵکێکی زۆر وەک ئاوارە ڕوویان لە هەرێم کردووە".

لەلایەکی دیکەوە، هاوولاتییەک بەناوی (حیسام ئەحمەد) باس لەوە دەکات کە "دوای دەرکردنمان لەلایەن داعشەوە، ڕوومان لە هەرێمی کوردستان کرد، خۆشبەختانە لەلایەن هێزەکانی پیشمەرگە و خەڵکی ناوچەکەوە پێشوازی لێکراین و پێداویستییەکانی وەک خۆراک و جلوبەرگیان بۆ دابین کردین".

شایانی باسە سەرەڕای قەیرانی ئابووریی هەرێم، ڕۆژانە ژمارەی ئاوارەکان لە هەرێمی کوردستان ڕوو لە زیادبوونە، بەم هۆیەشەوە حکومەتی هەرێمی کوردستان چەندین جار داوای لە کۆمەڵگای نێودەوڵەتی کردووە لە ڕووی کاروباری پەنابەرانەوە هاوکارییان بکەن.

http://aawsat. com/home/article/668791/%D9%85%D8%B9%D8%A7%D9%86%D8%A7%D8%A9-%D9%85%D8%A6%D8%A7%D8%AA-%D8%A7%D9%84%D9%87%D8%A7%D8%B1%D8%A8%D9%8A%D9%86-%D9%85%D9%86-%C2%AB%D8%AF%D8%A7%D8%B9%D8%B4%C2%BB-%D9%81%D9%8A-%D8%AC%D9%86%D9%88%D8%A8-%D8%A7%D9%84%D9%85%D9%88%D8%B5%D9%84-%D9%88%D8%B3%D8%B7-%D8%AA%D8%AC%D8%A7%D9%87%D9%84-%D8%A7%D9%84%D8%AD%D9%83%D9%88%D9%85%D8%A9-%D8%A7%D9%84%D8%B9%D8%B1%D8%A7%D9%82%D9%8A%D8%A9

Related Articles