ئاھەنگی نەورۆز لە شاری ھانۆڤەر ... ئیسماعیل تەنیا

ڕۆژی شەممە، 19/3/2016، کوردەکانی سەرجەم پارچەکانی کوردستان، ئەوانەی کە لەنێو سەنتەری شارو شارۆچکەو گوندەکانی دەوروبەریدا نیشتەجێن، بەجۆش و خرۆشێکی کوردانە، ڕێڕۆیشتن و ئاھەنگێکی گەورەی شایان بەجەژنی نەتەوەیی نەورۆز، سازکرد. سەرەتا کاتژمێر یازدەی سەرلەبەیانی، تاوەکو یەکی پاش نیوەڕۆ، بە بەشداری دەیان پارت و ڕێکخراوو کۆمەڵەو سازی جۆر بەجۆر، کە خۆیان لە دەیان ھەزار کەس دەدا، بە وتنەوەی سروودی نیشتیمانیی و سلۆدان گوتن و بەرزکردنەوەی دروشمی خەبات و بەرخودانی نەورۆز، لە مەیدانی(واترلۆ)وە، بەنێو سەنتەری شاردا سوڕانەوە. سەرنجی ئەڵمانەکان و نەتەوەکانی تریان، کێشکرد. پاش تەواوبوونی ڕێڕۆیشتنەکە، ھەموویان گەڕانەوە مەیدانی (واترلۆ). لەوێ مەزنترین ئاھەنگی گۆرانی و مۆسیقایان، سازکرد. ھاوشانی ئەم ئاھەنگە، خواردنی جۆر بەجۆر ئامادەکرابوو، کە لەناویاندا خواردنی فۆلکلۆریش دەبینران. ھەروەھا چەندین دەزگای وەشانوو لایەنی کوردی، پێشانگای کتێبیان کردبۆوە. لەوێ بڵاوکراوەکانیان نمایش کردبوو. لەم بۆنە نەتەوەییەدا، سەرەڕای بەشداری بەرچاوی کوردەکان، ھەندێک لە خەڵکی ئەڵمان و پارت و ڕێکخراوە چەپەکانیان، وەک ھاوسۆزییەک بۆ خەبات و بەرخۆدانی کورد لە ھەموو پارچەکانی کوردستاندا بەتایبەتیش باکورو ڕۆژئاوا، لەم بۆنەیەدا دەبینران. رێوڕەسمەکە لەژێر چاودێری توندی پۆلیسی ئەڵمانیادا، تا کاتی ڕۆژئاوا بوون، بەڕیوەچوو.

 

 

Related Articles