"ئاڵای بێ وڵات" نوێترین بەرھەمی "بەھمەن قوبادی" لە فیستیڤاڵی فیلمی "ساندەنس"ی ئەمەریکا

فیلمی بڵندیی "ئاڵای بێ وڵات" نوێترین بەرھەمی "بەھمەن قوبادی" لە بەشی پێشبڕکێی "سینەمای دیکۆمێنتاریی جیھان" لە سی و سێیەمین خولی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی "ساندەنس" لە ئەمەریکا نمایش دەکرێت.

فیلمی بڵندیی "ئاڵای بێ وڵات" A Flag Without a Country لە دەرھێنانی سینەماکاری کورد "بەھمەن قوبادی" و لە بەرھەمھێنانی پارێزگاریی ھەولێر کە لە لایەن کۆمپانیای "مژ فیلم"ەوە ئامادەکراوە، لە یەکەمین بەشداریی نێودەوڵەتی خۆیدا لە بەشی پێشبڕکێی "سینەمای دیکۆمێنتاریی جیھان" لە نێوان ١١ فیلمی دیکە لە سینەماکارانی وڵاتانی جۆراوجۆری جیھان لە سی و سێیەمین خولی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی "ساندەنس" Sundance کە یەکێکە لە گەورەترین گۆڕەپانەکانی فیلمە سەربەخۆکانی جیھان لە وڵاتی ئەمەریکا دەچێتە سەر پەردەی سینەماکان.

لە ڕاستیدا ئەوە بۆ یەکەمین جارە کە فیلمێکی کوردیی لە بەشی سەرەکیی ئەم ڕووداوە گرینگەی سینەمادا لە ویلایەتی یەکگرتووی ئەمەریکا بەشداریی دەکات.

ھەر فیلمێک کە بچێتە ناو فیستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی "ساندەنس"ەوە شانسی ھەڵبژاردنیی لە خەڵاتەکانی سینەمایی ئاکادیمیای "ئۆسکار" یەگجار زۆرە و بۆ ساڵی ٢٠١٦، لە لایەن سینەماکارانی سەرتاسەری جیھانەوە ١٢ ھەزار و ٧٩٣ فیلم بۆ نوسینگەی ئەم فیستیڤاڵە لە وڵاتی ئەمەریکا ڕەوانە کرابوو.

فیستیڤاڵی فیلمی "ساندەنس" یەکێکە لە گرینگترین ڕووداوە فەرھەنگی و ھونەرییەکان کە ھەموو ساڵێک لە مانگی ژانوییەدا لە ویلایەتی یۆتا لە ئەمەریکا بەڕێوەدەچێت و گرینگترین فیستیڤاڵی فیلمی سەربەخۆی ئەم وڵاتە دێتە ئەژمار.

ئەم فیستیڤاڵە لە درێژایی ساڵانی بەڕێوەچوونی خۆیدا، ڕۆڵێکی گرینگی لە تیشک خستنەسەر سازکردنی بەرھەمەکانی فیلمسازانی ناوچەییدا ھەبووە کە لە دەرەوەی سیستەمی ھالیڤووددا سەرقاڵی کارکردنن."ڕابێرت ڕادفۆرد" ئەکتەر و دەرھێنەری ناوداری سینەمای جیھان سەرۆکی ئەم فیستیڤاڵەی لە ئەستۆدایە.

فیلمەکانی زۆربەی فیلمسازانی ناوداری جیھان، لەوانە: "کۆئینتین تارانتینۆ"، "ئێسیوێن سوودێربێگ"، "جیم جارمووش" و "کۆوین ئێسمیت" بۆ یەکەمین جار، لە فیستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی "ساندەنس" نمایشکران و ناوبانگیان دەرکرد.

ئەو ١١ فیلمەی دیکە کە لە بەشی پێشبڕکێی "سینەمای دیکۆمێنتاریی جیھان" لەگەڵ فیلمی بڵندیی "ئاڵای بێ وڵات" لە دەرھێنانی "بەھمەن قوبادی" ڕکابەریی دەکەن بریتین لە: فیلمی "تەواوی ئەم شەوە بێی باشیانە" لە دەرھێنانی "مایکل ماڕژاک" لە وڵاتی پۆڵەندا، فیلمی "کۆتری دز" لە دەرھێنانی "نانفۆ وانگ" لە وڵاتی چین، فیلمی "نیشتمانی ڕۆشنبیران" لە دەرھێنانی "پێتێر دۆن ژۆپۆ" لە وڵاتی بەلژیکا، فیلمی "عاشقەکان و زاڵم" لە دەرھێنانی "ڕابێرت کانان" لە وڵاتی بەریتانیا، فیلمی "گۆڕەپانی سۆلداد" لە دەرھێنانی "مادیا گودد" لە وڵاتی مەکزیک، فیلمی "کۆچبەران" لە دەرھێنانی "شیمۆن دۆتان" لە وڵاتی فەڕەنسا، فیلمی "نیردیوانی ئاسمان" لە دەرھێنانی "کۆوین مەک دۆناڵد" لە وڵاتی ئەمەریکا، فیلمی "سۆنیتا" لە دەرھێنانی خاتوو "ڕۆھسارە قائم مەقامی" لە وڵاتی ئەڵمانیا ئێران، فیلمی "ئێمە ناسیاونین" لە دەرھێنانی "ئێستیفێن کیجاک" لە وڵاتی بەریتانیا و فیلمی "کاتێک دوو دنیا لەگەڵ یەکتری وێکدەکەون" لە دەرھێنانی "ھیدی براندنبێرگ" لە وڵاتی پێڕۆ.

سی و سێیەمین خولی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی "ساندەنس" بە ئامادەبوونی ١٢٠ فیلم لە سینەماکارانی ٣٧ وڵاتی جیھان کە ڕێژەی ٩٨ بەرھەم لەوانە بۆ یەکەمین جارە کە لە ئاستی جیھاندا نمایش دەکرێن، لە چەندین بەشی جۆراوجۆریی پێشبڕکێی، لەوانە: بەشی "فیلمە چیرۆکییەکانی ئەمەریکی"، بەشی "فیلمە دیکۆمێنتارییەکانی ئەمەریکی"، بەشی "فیلمە چیرۆکییەکانی سینەمای جیھان" و ھەروەھا بەشی "فیلمە دیکۆمێنتاریی سینەمای جیھان" لە ڕۆژانی ٢١ تا ٣١ی ژانوییەی ٢٠١٦ لە شاری "پارک سیتی" لە ویلایەتی یۆتا لە وڵاتی ئەمەریکا بەڕێوەدەچێت و ڕچەشکێنانی سینەمای سەربەخۆ، لەوانە: "ویت ئێستیلمێن"، "تاد سۆلۆندز" و "ئێسپایک لی"یش بە نوێترین بەرھەمەکانی خۆیان لەم خولەی فیستیڤاڵدا ئامادەدەبن.

تریلێری فیلمی بڵندیی "ئاڵای بێ وڵات":

 

https://www.youtube.com/watch?v=Pp9JpuexeS4

بۆ زانیاریی زیاتر:

http://www.sundance.org/blogs/news/competition-and-next-films-announced-for-2016-festival

Facebook.com/ bahman.ghobadi
Twitter.com/bahman_ghobadi
Instagram/bahman_ghobadi

 

Related Articles