ڕوونکردنەوەی وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان لەسەر کەناڵی ئێن. ئار. تی. . .

وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان چەواشەکردنی تۆڕی هەواڵی NRT لە چەند رۆژی رابردوودا و راپۆرتەکانی هەڵەی ئەو کەناڵە لەسەر ئاستی بەرهەمهێنانی نەوت ئاشکرا دەکات، بە بڵاوکردنەوەی ٣ نامەی دیکە کە بۆچی راپۆرتەکانی ئەو کەناڵە جێگای بڕواپێکردن و جێی متمانە نین.

لە زنجێرە بێ بنەماکانی خۆی، لە ٢ ی تشرینی دووەم، کەناڵی NRT بڵاویکردووەتەوە کە گوایا ئەو ژمارانەی کە حکومەتی هەرێمی کوردستان لەسەر ئاستی بەرهەمهێنان و هەناردەکاریی رایگەیاندووە هەڵەن و زۆر زیاترە لەوەی بەفەرمی دەیخاتەروو و داهاتەکەشی زیاترە.

با لێرەدا ئاماژە بە یەک نموونە بدەین: کەناڵی NRT چەواشەکاری کردوە لە ژمارەکانی بەرهەمهێنانی نەوتی کێڵگەکانی کوردستان بۆ ئەوەی واپێشانی بدات ئاستی بەرهەمهێنانی نەوت لە کێڵگەکانی تاوکێ و تەقتەق رۆژانە 300 هەزار بەرمیلە، کە سەدا 90 زیاترە لە ئامارە راستییەکانی ئەو دوو کێڵگەیە. دوای ئەو داتا ساختانەی NRT، کۆمپانیای گەنێڵ ئێنێرجی کە کۆمپانیایەکی نێودەوڵەتی نەوتە کە لە هەردوو کێلگەی تاوکێ و تەقتەق بەشدارە، نووسراوێکیان ئاراستەی NRT کردبوو و بەرێزەوە کەناڵەکەیان لە هەڵەکانیان ئاگادارکردووەتەوە ( کلیک بکە بۆ سەردانی هاوپێچی ژمارە١ بۆ بینینی نامەکەیان)وە هاوکات ئامارە درووستەکانی ئەو دوو کێڵگەیەیان پێداون و داوایان لە NRT کردووە لە تەلەفزیۆن و ماڵپەرەکەیدا "چاو بە ئامارەکان بخشێنێتەوەو راستیان بکاتەوە". گەنەل ئێنێرجی لە نامەکەیدا بە NRT ی راگەیاندووە " هەموو زانیارییە گشتییەکان سەبارەت بە ئاستی بەرهەمهێنانی کێڵگەکانیان دەتوانن لە ماڵپەری کۆمپانیاکەیان وەرگرن. "

سەرەرای داواکارییەکەی گەنەل ئێنێرجی، NRT تەنیا ئەوەی راگەیاندووە کە نووسراوێکی پێگەیشتووە لە گەنێڵ ئێنێرجییەوە بەبێ ئەوەی دان بە چەواشەکارییەکانی بدات لەسەر ئاستی بەرهەمهێنانی نەوتی دوو کێلگەکە و راپۆرتەکەی تشرینی دووەمی خۆیشی چاک نەکردووەتەوە.

سەرەرای نووسراوەکەی گەنێل ئێنێرجی ئاماژەپێدراو، دووبارە NRT لە رۆژی 6 ی تشرینی دووەم بەردەووام بووە لە پروپاگەندەکانی و ئامارەکانی ئاستی بەرهەمهێنان و داهاتی نەوت و زیاتر چەواشەکاری کردوووە کە بەڵگەنامەیەکی نهێنی تازەی دەستکەوتووە کە بۆ یەکەم جار بڵاودەکرێتەوە کە گوایا گەندەڵی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەسەلمێنێت. کەناڵی NRT زیاتر بانگەشەی کردووە کە سەرچاوەیەکی زانیاری لەسەر ئاستی بەرهەمهێنانی نەوتی هەرێمی کوردستانی دەستکەوتووە کە گوایا پێشتر کاری لەگەڵ وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان و حکومەتی هەرێمی کوردستان کردووە.

لە راستیدا، ئەو بەڵگەنامەیە کە NRT بانگەشەی بۆدەکات کە گوایا نهێنی بووە بە هێچ شێوەیەک نهێنی نەبووە و هیچ گەنەدەڵییەکیش ناسەلمێنێت. ئەو بەڵگەنامەی NRT کە لە رۆژی ٦ ی تشرینی دووەم بڵاویکردووەتەوە تەنیا نەخشەیەکی نیشاندەرە، کە لەلایەن کۆمپانیای وێستێرن زاگرۆس (WZ) وە ئامادەکرابوو کە کۆمپانیایەکی نێودەوڵەتی نەوتەو لە هەرێمی کوردستان کاردەکات. ئەو نەخشەیەی پێشاندراوە لەلایەن NRT یەوە بۆ ماوەیەکیش لەسەر ماڵپەری کۆمپانیای ویستێرن زاگرۆس لەبەردەست بووە بۆ خوێندنەوەو بەکارهێنان بەشێوەیەکی گشتی بۆ هەموو ئەو کەسانەی سەردانی ماڵپەرەکە دەکەن. بەپێچەوانەی ئەوەی کە NRT بانگەشەی بۆ دەکات، ئەو زانیارییانەی کە لەو نەخشەیەدا پێساندرابوو، لەلایەن هیچ کەسێک یان راوێژکارێک ئامادەنەکرابوو کە گوایا ئەو کەسە کاتی خۆی بۆ وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان یان حکومەتی هەرێمی کوردستان کاری کردبێت.

دوای ئەو بانگەشە بێ مانایەی NRT سەبارەت بەو، "بەناو بەڵگەنامە نهێنییە" بەرێوەبەری جێبەجێکاری کۆمپانیای وێستێرن زاگرۆس، بەرێز سیمۆن هاتفێڵد، نیگەرانی خۆی لەسەر راپۆرتکردنی NRT بۆ وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان دەڕبڕیوە (کلیک بکە بۆ سەردانی هاوپێچی ژمارە٢ بۆ بینینی نامەکەیان). هەروەها، بەرێز هاتفێڵد، دەلێت کە بە نووسراوی تایبەتی خۆیان راستەوخۆ نارەزایەتی کۆمپانیاکەیان بەرامبەر بە وێنە هەڵخەڵەتێنەرەکانی NRT ئاراستە دەکات.

لە نامەکەیدا بۆ وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان، بەرێز هاتفێڵد دەلێت، ئەو نەخشە "بەناونهێنییە" کە NRT پێشانی داوە، وادیارە بەشێک بێت لەو نەخشەیە کە ئێمە لە ماڵپەرەکەماندا لە مانگی حوزەیرانی 2015 دامان نابوو. " وە هەروەها دەلێت کۆپییەکی ئەو نەخشەیە لە مانگی شەشی 2015 لە کۆنفەرانسەکەی CWC لە لەندەن بەبێ بەرامبەر دراوە بە بەشداربووان لە کۆنفەرانسەکە. بەرێز هاتفێڵد هەروەها رایگەیاند، "نەخشەی مانگی حوزەیرانی ساڵی 2015 ی ئێمە بەڵگەنامەی نهێنی نەبووە کە هەڵگری زانیاری نوێ و نهێنی بێت بەو شێوەی کە NRTبانگەشەی بۆ دەکات. لە راستیدا ئەو نەخشەیە کراوە بووە بۆ هەموو کەسێک لە ماڵپەرەکەمان بۆ بەکارهێنان و دەربڕینی بیروڕا لەسەری. "

لە نامەکەیدا بەرێز هاتفێڵد هەروەها ئەم خاڵانەی خوارەوە خستووەتە روو بۆ وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان:

 لە مانگی ئەیلولی 2015، (دوای ئەوەی نەخشەی مانگی حوزەیرانمان لە ماڵپەرەکەمان دانابوو)" راوێژکارەکەمان کە بەشێک لە ئامارەکانی نەخشەکەی ئامادەکردبوو، ئاگاداریکردینەوە کە هەندێ جیاوازی لە ئمارەکاندا هەیە لەبەر هەڵەبوونی سەرچاوی زانیارییەکان و لەبەر ئەوەش، ئێمە بە خێرایی لەسەر ماڵپەرەکەمان نەخشەکەمان لابرد. دوای ئەوە لە چاوخشاندنەوەی دیکەی نەخشەکەدا، ئامارەکانی درووستی بەرهەمهێنان لەرێی دانانی داتاکانی وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان بەکارهێنراون. "

" ئێمە ئەو جۆرە نەخشانەمان لە رێی کۆکردنەوەی "زانیاری گشتی" لە 2012 دەستپێکرد و دوای ئەوەش زۆر دەستخۆشیمان بۆ هاتووە، کە نەخشەکانمان بەکەڵک بوون. بەڵام تەنیا نەخشەی مانگی حوزەیرانی 2015 مان جیاوای تێدا بووە کە پێمان زانی ودەستبەجێ چارەسەرمان کردووە.

بەرێز هاتفێڵد لە کۆتایی نامەکەیدا بۆ وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان دەڵێت، " زۆر ئاساییە بۆ رۆژنامەنووسە پیشەییەکان پێش بڵاوکردنەوی هەر زانیارییەک لە راستبوونی دڵنیا بن. بەڵام NRT هیچ هەوڵێکی نەداوە پێش بڵاوبوونەوەی راپۆرتەکەی پەیوەندی بە ئێمەوە بکات، وە هەروەها ئاگاداریش نین هیچ پەیوەندییان بە کۆمپانیاکانی دیکە کردبێت کە ناویان هاتووە لە راپۆرتەکەیاندا. ئەگەر ئەوان پەیوەندییان بە ئێمە بکردایە، ئەو کاتە ئێمە سەرنجیانمان رادەکێشاو بۆ ئەوەی بەرپرسیارییەتی خۆمان لە سەر درووستبوونی داتاکانی ناو نەخشەی مانگی حوزەیران لاداوە. لەلایەکی دیکەشەوە، ئەبوایە ئەوان سەیری نەخشە نوێیەکانی ئێمەیان کردبایە، ئەو کاتە دەیانزانی ئامارەکانی بەرهەمهێنانمان گٶڕیوە. " ئێمە لە داهاتوودا نارەزایەتی خۆمان ئاراستەی NRT دەکەین لەسەر داتا و ژمارە چەواشەکانیان.

هەروەها دوای بڵاوبوونەوەی ئەم راپۆرتەی NRT، کۆمپانیای راوێژکاری CMX Caspian کە هەندێ لەو خەمڵاندنانەی ئامادەکردبوو بۆ کۆمپانیای وێستێرن زاگرۆس، ئەویش نووسراوی خۆی بۆ وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان ناردووە (کلیک بکە بۆ سەردانی هاوپێچی ژمارە ٣ بۆ بینینی نامەکەیان) و لە نووسراوەکەیدا رایگەیاندووە " سەرسامن بە ناوەرۆک و ناراستییەکانی راپۆرتەکەی NRT کە بریتییە لە هەڵەی ئەنقەست و دەستبژێرکراو کە بە روونی ئامانجی سیاسی پێوەدیارە. "

بەرێوەبەری جێبەجێکاری CMX هەروەها لە نامەکەدا دەڵێت، CMX دەیەوێت " دەقی درووستی زانیارییەکانی خۆیان روونبکەنەوە بۆ وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان و دەڵێن، " بەپێچەوانەی ئەوەی کە NRT بانگەشەی بۆ دەکات، CMX هیچ کات راوێژکار یان بەڵێندەری وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان یان حکومەتی هەرێمی کوردستان نەبووە. "

CMX دەڵێت، ئامارەکانی ئاستی بەرهەمهێنان و هەناردەکردنی نەوت کە داویەتی بە کۆمپانیای وێستێرن زاگرۆس، لەسەر داوای بەرێوەبەرێکی باڵای کۆمپانیای وێستێرن زاگرۆس بووە بۆ مەبەستی کۆبوونەوەیەکی ناوخۆیی. وە هەروەها دەڵێت، " لەبەر ئەوە هیچ کاتێکیان نەبووە بۆ لێکۆڵینەوە، ئامارەکان هیچکات دەربڕی ئاستی بەرهەمهێنان و هەناردەکاریی راستەقینە نەبوون و هیچکاتیش چاوەروانی ئەوەیان لێنەکراوە کە بەو چەشنە بن. "

CMX زیاتر لە نامەکەیدا دەڵێت، ئەو خشتەیە کە ئامادەی کردبوو بۆ کۆمپانیای وێستێرن زاگرۆس، " بە روونی و بەوردی لەسەریان نووسیبو" ناتەواو نادرووست"، و بە کۆمپانیای وێستێرن زاگرۆسیان راگەیاندبوو، ئامارەکان تەنیا خەمڵاندنی لاوەکین و تەنیا بە مەبەستی بەکارهێنانی بۆ کۆبوونەوەی ناوخۆیی کۆمپانیاکە ئامادەکراوە، وە بەروونی رایگەیاندبوو بەس بۆ ئەو مەبەستە بەکاری بهێنن.

CMX زیاتر سەرسوورمانی خۆی رادەگەیەنێت بەوەی " چۆن ئەو ئامارانە بڵاوکراوەنەتەوە کە بە تەواوەتی نادرووستن و لە ئاماری راستەقینە دوورن و پێشتر زانراوە کە بەدواداچوونی بۆ نەکراوە و تەنیا خەمڵاندنە و لەبەر داواکاری بۆ کۆبوونەوەی ناوخۆیی بەپەلەی وێستێرن زاگرۆس ئامادەکرابون. "

CMX لە کۆتاییدا دەڵێت، " راپۆرتەکەی NRT نادروست و بێ بنەمایە و بە روونی دیارە بە مەبەستێکی سیاسی ئامادەکراوە و هەڵگری هیچ راستییەک نیە. "

لە کۆتاییدا هەر کەسێک خوازیارە بزانێت چۆن NRT هەڵەی کردووە لە ئامارەکانی نەوتی هەرێمی کوردستاندا، دەتوانێت سەردانی ماڵپەری کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکانی نەوت بکات کە لە هەرێمی کوردستان کاردەکەن. ئەو کۆمپانیانە بە شێوازێکی ئاسایی لەسەر ئاستی بەرهەمهێانی ئەو کێڵگانەی کاری تێدا دەکەن، ئامارەکانی خۆیان بڵاودەکەنەوە، سەرەرای ئەوەش زانیاری زۆر بەسوودی دیکەش لەسەر چالاکییەکانیان لە هەرێمی کوردستان لەخۆدەگرێت.

ئامارەکانی وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان کە بڵاودەکرێنەوە لە هەر کۆمپانیایەکی بەرهەمهێنەر وەردەگیرێت و هەڵسەنگاندنی بۆ دەکرێت لەرێی سیستەمێکی کۆکردنەوەی ئەلێکترۆنی کە رۆژانە لەلایەن کۆمپانیاکانەوە دادنەرێت و وەزارەتی سامانە سرووشتییەکانیش لە هەموو روویەکەوە وردبینی بۆ دەکات بۆ ئەوەی لە درووستی ئەو ئامارانە دڵنیا بێت.

ئامارەکانی بەرهەمهێنان پاشان لەلایەن کۆمپانیاکانی بەرهەمهێنەری نەوت و وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان بەکاردەهێنرێن بۆ ئەژمارکردنی شایستە داراییەکانی کۆمپانیا نەوتییەکان بەپێی گرێبەستەکانیان و هەروەها بۆ ئەژمارکردنی داهاتی پۆختەی حکومەتی هەرێمی کوردستان.

هەر هەمان ئامار و زانیارییە ئاماژەپێدراوانە لەلایەن وەزارەتی سامانە سرووشتییەکانەوە کۆدەکرێنەوە و بەکاردەهێنرین بۆ ئامادەکردنی راپۆرتی مانگانەی بەرهەمهێنان و داهاتی سامانە سرووشتییەکان. نوسخەیەکی ئەو راپۆرتە کە بە وردەکارییەوە ئامادە دەکرێت و دەدرێتە ئەنجومەنی نەوت و گازی هەرێمی کوردستان. هەروەها وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان پوختەیەکی ئەو راپۆرتە مانگانە بڵاودەکاتەوە کە زۆرجار لە لایەن چاودێرە نێودەوڵەتییەکان ستایش کراوە بەوەی کە زۆر گشتگیرتر و شەفافترە لە راپۆرتەکانی وڵاتان و ناوچەکانی دیکەی بەرهەمهێنەری نەوت. لە کۆتاییدا زۆر ئاشکرایە کە NRT ئامارەکانی بە ئەنقەست و بەهەڵە بڵاوکردووەتەوە کە بووەتە بەمەبەستی بەلارێدابردنی خەڵکی کوردستان، بەتایبەتی بە داخەوە لەم کاتەدا کە لەرووی نیشتمانییەوە کاتێکی هەستیارە بۆ هەرێمی کوردستان. سەرەرای ئەم راپۆرتە چەواشەکارییانە، هێشتا دەرفەت لەبەردەم NRT ماوە بۆ چاککردنی ناوبانگی خۆی و بۆ ئەوەی ببێتە کەناڵێکی راستەقینەی رۆژنامەوانی، نەک ئەوەی کە بە داخەوە هەندێ جار خۆی بکاتە کەرستەیەکی میدیایی، لەبەر دەستی کەسان و لایەنی دیکە. ئەگەر NRT رێگەی بوون بە پیشەیی بگرتایەبەر، ئەوا بۆی دەردەکەوت، وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان سەرچاوەیەکی زانیاری باوەڕپێکراو و پشتراستکراوە کە هەل بۆ NRT یش دەرەخسێنێت کاری رۆژنامەوانی پیشەییانەو راپۆرتی پشتراستکراو شرۆڤەکاری و رەخنە بڵاوبکاتەوە.

Related Articles