مامۆستای گەورەم جەمال نەبەز و کەسێك بە ناوی عەبدوڵا ئاگرینەوە. ... حەمەڕەشید هەرەس

کاك عەبدوڵا کتێبێکی نووسیوە، بۆ دژایەتی مامۆستام جەمال نەبەز، منیش تاقەتی ئەو دێژدادڕییەی ئەو کاکعەبدوڵایەم نیە، تەنها بە چەند سەرەقەڵەمێك وەڵامی دەدەمەوە:
*
کاك عەبدوڵا ئەزانم ئارەزووی شکات کردنت زۆرە، لەبەر ئەوە کەلێنێکت بۆ نارەخسێنم لەوێوە، شکاتم لێ بکەیت.
*
کاك عەبدوڵا بەڕێزتان کتێبەکەتان ٢٠١٦ خستۆتە بەردەست، کەچی ٢٠١٥ تان لەسەر نووسیوە، بۆ ئەوەی شەش مانگی بەسەرا تێپەڕێت و شکاتت لێ نەکرێت، وا دەزانی هەموو کەس وەك خۆت شکاتکەرە، ئاخر ئەوەندەی من بزانم جگە لە مامۆستام جەمال نەبەز شکاتت لە کەسی تریش کردووە.
*
کاک عەبدوڵا بەڕێز کامیل ژیرم دی، فەرمووی ئەو گۆنگرەی تۆ (عەبدوڵا) باسی دەکەیت و گوایە لە ماڵی کامیڵ ژیر گیراوە، ئەو ( ژیر) فەرمووی: من لە پینج ساڵیمەوە، هیچم لە یاد ناچێت، ئاخر گۆنگرە بەو ناوە زلەوە، چۆن لە یادم ئەچێت؟ وا کاك عەبدوڵا بە زۆر باس لە کۆنگرەیەك ئەکات، کە لە ماڵی منا گیرابێت و، گۆنگرەش تەنها حەوت کەس بووبن و هیچ شایەتێکیشی نەبێت.
*
کاك عەبدوڵا کە بەڕێزت باس لە رێکخستنی کاژیك ئەکەیت، من ساڵی ١٩٧٤ بووم بە کاژیك و تۆش لە ئێستگەی دەنگی کوردستان دانرا بوویت، لام وایە ئەو کاتە بەڕێزتان دەرکرابوون؟ کە باس لە رۆڵی خۆت لە دەنگی کوردستان ئەکەیت، من ئامادەم بیسەلمێنم کە بەڕێزتان، تەنها بەرنامەیەکی هەفتانەتان بە ناوی ( لێدوانێکی هێمنانە )وە هەبوو، من بووم بە هۆی لابردنی ئەو بەرنامەیەشت، چونکە بارستاییەکەی زۆر کۆڵەوار بوو، ئیتر نازانم بۆ لە ئیزگە بوویت؟
*
کاك عەبدوڵا لە کتێبەکەتدا شانازی بە عوسمانی ئامەوە ئەکەیت، ئەزانیت ئەو کەسە تانەیەکی رەشە بە کاژیکەوە، وەك رێکخستن، ئاخر ئەوە راستە لە شەو و رۆژێکدا زیاد لە یەك دەرزەن بێتاوانی کوشت؟
*
کاك عەبدوڵا کاژیك بیر و باوەڕە، ئەو بیرو باوەڕەی جەمال نەبەز و هاوبیرەکانی لە کاژیکنامەدا خستیانە بەر دەست نەتەوەکەمان. کاژیك بە هیچ جۆرێك ئەو ریکخستنە عەمارەپۆیە نەبوو، کە بەڕیزتان خۆتان بە میراتگری دەزانن.
*
کاك عەبدوڵا کاژیك بە هیچ جۆرێك پەیوەندی بە بارزانی نەمرەوە نەبووە، بەڕێزتان بۆ خۆبردنەپێشەوە، لە بارزانی نزیك دەخەنەوە، ئاخر بێبەڵگە چۆن ئەو پڕکێشییەت کرد؟
*
کاك عەبدوڵا زیاد لە دەجار باسی ئەوەت کردووە کە مامۆستا جەمال نەبەز تەمەنی ٨٣ ساڵە، ئەزانیت نووسینەکانت هەرچەند کاڵ و کرچن، کەچی بەم درێژدادڕییەت، ئەوەندەی تر، بێ لەزەتت کردووە؟
*
کاک عەبدوڵا باس لەوە دەکەیت، تەربییەتی خێزانیت رێگات پێنادات سووکایەتی بە کەس بکەیت، ئەی چۆن رێگای پێدایت مناڵێك هان بدەیت سووکایەتی بە مامۆستام جەمال نەبەز بکات و، تۆش ترشوخوێی پێوە بکەیت، ئەی چۆن رێگای پێدایت، چی جنێوی شیرکۆی هەژارە، کە سووکایەتی بە باوکی کردووە، بەڕێزتان دووبارەی بکەیتەوە؟
*
کاك عەبدوڵا هەموو کەس ئەزانێت کە مامۆستام جەمال نەبەز چی بۆ کورد کردووە، جا ئەگەر وەك ڕەشەبا هەڵیکردە سەر دەڤەرێك، هەر ئەوەندەیان لە سەرە بەرگە بگرن، ئەگینا لەوکاتەدا تفهەڵدان زەرەری خۆیانە.
*
کاك عەبدوڵا من ئێستاش هەر کاژیکم، بەڵام بمبوورە ئەو کاژیکە نا کە بەڕێزت میراتگری رێکخسنەکەی بوویت، من کاژیکەکەی جەمال نەبەزم کە وەك باوەڕ، وەك ئاگر و پووشوو هەموو کوردستانی تەنیوەتەوە.

Related Articles