به‌داخه‌وه كه‌ناڵی ئێن ئار تی به‌رده‌وامه له بڵاوكردنه‌وه‌ی نائومێدی و ره‌شبینی و كاڵكردنه‌وه‌ی بیری نه‌ته‌وایه‌تی و ئینتیمای نیشتمانی و چه‌واشه‌كردنی بینه‌ر، چۆن؟ . . له به‌رنامه‌ی دووجار بیركه‌ره‌وه‌ی ئه‌و كه‌ناڵه كه‌له‌شه‌وی نه‌ورۆزدا راسته‌وخۆ له شاری هه‌ولێره‌وه پێشكه‌شكرا، ته‌وه‌ری به‌رنامه‌كه بریتی بوو له ( ئایا پشتیوانی له راگه‌یاندنی ده‌وڵه‌تی سه‌ربه‌خۆی كوردستان ده‌كه‌ی؟)، میوانه‌كانی ئه‌و به‌رنامه‌یه‌ش بریتی بوون له (كادرێكی پێشكه‌وتووی پارتی، ئه‌ندامێكی ئه‌نجوومه‌نی ناوه‌ندیی یه‌كێتی، هه‌ڵسووڕاوێكی بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان، كادرێكی په‌كه‌كه) به به‌شداریی نزیكه‌ی 20 بیست میوانی تر كه بۆ ده‌نگدان له‌سه‌ر به‌ڵێ یان نه‌خێری به‌رنامه‌كه بانگهێشتكرابوون. . له راستیدا شێوازی ئه‌و به‌رنامه‌یه وه‌ك ئه‌وه وابوو كه ئه‌و چوار میوانه كاندیدی هه‌ڵبژاردن بووبێتن بۆ نوێنه‌رایه‌تیكردنی دوو به‌ره‌ی دژ به یه‌ك! هه‌ر چوار میوانه‌كه له میانه‌ی به‌رنامه‌كه‌دا قسه‌ی خۆیان كرد و بۆچوونی خۆیان له‌سه‌ر ته‌وه‌ری به‌رنامه‌كه ده‌ربڕی، بێگومان كادره‌كه‌ی پارتی زۆر دڵسۆزانه و به هه‌ستكردن به به‌رپرسیارێتی نه‌ته‌وه‌یی و نیشتمانی و به دیدێكی لۆژیكی و واقیعبینانه باسی له هه‌لومه‌رجه سیاسییه‌كه كرد بۆ راگه‌یاندنی ده‌وڵه‌تی سه‌ربه‌خۆی كوردستان وه‌ك مافێكی ره‌وای میلله‌تی ئێمه و هه‌وڵ و خه‌باتی پارتیشی له‌سه‌ر ئه‌و پرسه به راشكاوی خسته‌ڕوو. ئه‌ندامه‌كه‌ی ئه‌نجوومه‌نی ناوه‌ندیی یه‌كێتییش هاوڕا بوو له‌گه‌ڵ كادره‌كه‌ی پارتی به‌ڵام هه‌ندێ تێبینی هه‌بوو به تایبه‌تی كه پێویسته هه‌موو لایه‌نه‌كان هاوڕاو یه‌كڕیز بن له‌سه‌ر ئه‌و پرسه، كه بێگومان راسته و پێویسته لایه‌نه‌كان و ناوماڵی كورد كۆك و رێك بن له‌سه‌ر ئه‌و پرسه گرنگ و چاره‌نووسسازه. به‌ڵام هه‌ڵسووڕاوه‌كه‌ی گۆڕان و كادره‌كه‌ی په‌كه‌كه چی‌یان گوت و هه‌ڵوێستیان چی بوو؟! بێگومان ئه‌وان رق و ئایدۆلۆژیای حزبییان زاڵ بوو به‌سه‌ر تێڕوانین و هه‌ڵوێستیان له به‌رامبه‌ر ئه‌گه‌ری ده‌وڵه‌تی سه‌ربه‌خۆی كوردستان، به تێڕوانینی خۆیان مادام پارتی پێشه‌نگی ره‌وتی سه‌ربه‌خۆیی كوردستانه، ئیتر ده‌بێت ئه‌وان رقی حزبی و به‌رژه‌وه‌ندیی حزبییان به‌سه‌ر مه‌زنترین ماف و خه‌ونی میلله‌ته‌كه‌ی خۆیان زاڵ بێت و ده‌وڵه‌تی سه‌ربه‌خۆ بۆ كورد ره‌ت بكه‌نه‌وه؟! ئه‌نجامی هه‌ردوو ده‌نگدانه‌كه‌ی به‌رنامه‌كه چۆن بوو؟ ئه‌نجامی ده‌سپێكی به‌رنامه‌كه بریتی بوو له 26% بۆ به‌ڵێ و 29%یش بۆ نه‌خێر و له 55% یش بۆ (هێشتا بڕیارم نه‌داوه)، ئه‌نجامی كۆتایی به‌رنامه‌كه‌ش به‌م شێوه‌یه بوو: له 49% بۆ به‌ڵێ و له 51%یش بۆ نه‌خێر، واته به‌پێی ئه‌نجامی ده‌نگدانه‌كه‌ی ئه‌و به‌رنامه‌یه، ده‌نگی ئه‌وانه‌ی كه پشتیوانی له راگه‌یاندنی ده‌وڵه‌تی سه‌ربه‌خۆی كوردستان ناكه‌ن زیاتر بوو!ئایا به‌و ئه‌نجامه ساخته‌یه كه‌ناڵی ئێن ئاڕ تی و ئه‌وانه‌ی له پشتییه‌وه‌ن ده‌یانه‌وێت بڵێن چی؟ بێگومان ده‌یانه‌وێت بڵێن ئه‌وه‌تا له شاری هه‌ولێری پایته‌خت و له ژێر ده‌سه‌ڵاتی زۆرینه‌ی پارتی له‌و شاره‌دا ئه‌نجامه‌كه به به‌رژه‌وه‌ندی به‌ره‌ی دژه سه‌ربه‌خۆیی كوردستان شكایه‌وه له چ
كاتێكیشدا؟ له شه‌وی نه‌ورۆزی جه‌ژنی سه‌ری ساڵی كوردیدا.
جارێ ئه‌وه‌ی گرنگه هه‌ڵوه‌سته‌ی له‌سه‌ر بكه‌ین ئه‌م خاڵانایه: 1-ئه‌نجامی ده‌نگدانه‌كه گاڵته‌جاڕی و ساخته بوو، چونكه ئه‌و میوانانه‌ی كه بۆ ده‌نگدان له‌سه‌ر ته‌وه‌ری به‌رنامه‌كه بانگهێشت كرابوون ژماره‌یان نزیكه‌ی 20 بیست كه‌س بوون، كه‌واته بۆ ده‌رهێنانی رێژه‌ی 100سه‌دی پێویسته هه‌ر ده‌نگێك پینج خاڵی بۆ ئه‌ژمار بكرێت، ئه‌وه‌ی زه‌ڕڕه‌یه‌ك له ماتماتیك شاره‌زابێت ده‌زانێت رێژه‌ی له49% به‌رامبه‌ر 51% بۆ ئه‌و ژماره میوانه ده‌نگده‌ره كه ژماره‌یان بیست كه‌س بوو ناگونجێت و ده‌ست نادات! واتا ئه‌گه‌ر 11 كه‌سیان ده‌نگیان بۆ نه‌خێر دابیت ئه‌وا ئه‌وسا رێژه‌كه ده‌بێت 55% بێت نه‌وه‌ك 51%، هه‌روه‌ها له به‌رامبه‌ریشدا ئه‌گه‌ر ئه‌و نۆ كه‌سه‌ی تر ده‌نگیان بۆ به‌ڵێ دابێت ئه‌وا رێژه‌كه ده‌بێت45% بێت نه‌وه‌ك 49% !! چونكه به‌پێی ئه‌و ئه‌نجامه‌ی به‌رنامه‌كه بێت ئه‌وا نیو مرۆڤ و چاره‌كه مرۆڤیش هه‌یه و ده‌نگیان داوه ئه‌مه‌ش كۆمیدیا و گاڵته‌جارییه!!
2- ئه‌گه‌ر گریمان رێژه‌كه راست بێت و به‌ره‌ی دژه سه‌ربه‌خۆیی له‌و به‌رنامه‌یه‌دا بوونیان هه‌بووبێت، ئه‌وا دیسان كاره‌ساته و جێگه‌ی شانازی نییه به‌لكو جێگه‌ی شه‌رمه‌زارییه كه مرۆڤی كورد ئه‌وه‌نده نه‌فام بێت و دژی ماف و سه‌ربه‌خۆیی نه‌ته‌وه‌و نیشتمانه‌كه‌ی بێت!كه ئه‌م هزر و تێڕوانینه پێی ناگوترێت حزبایه‌تی به‌ڵكو ئه‌مه رقایه‌تییه!
3- دیسان ئه‌گه‌ر گریمان ئه‌نجامه‌كه راست بێت ئه‌وا گوزارشت له ده‌نگی راسته‌قینه‌ی خه‌ڵكی كوردستان ناكات، چونكه به دڵنیاییه‌وه زۆربه‌ی هه‌ره زۆری خه‌ڵكی كوردستان ده‌یه‌وێت خاوه‌ن ده‌وڵه‌تی سه‌ربه‌خۆ و سه‌روه‌ریی خۆی بێت نه‌وه‌ك پاشكۆی ده‌سه‌لاتی بێگانه! به‌ڵكو ده‌شێت ئه‌و كه‌ناڵه به مه‌به‌ست ئه‌و كه‌سانه‌ی زیاتر بانگهێشت كردووه كه له دژی به‌ره‌ی گه‌لی خۆیانن یان ئه‌ندامی ئه‌و دوو حزبه‌ن( گۆڕان و په‌كه‌كه) كه له به‌رنامه‌كه‌دا به دژی راگه‌یاندنی سه‌ربه‌خۆیی كوردستان وه‌ستانه‌وه!.
ماوه‌ته‌وه بڵێین به‌رنامه و هه‌وڵی له‌م شێوه‌یه گه‌یاندنی په‌یامی هه‌ڵه و مه‌رامی خراپه و دووره له به‌رپرسیارێتی نیشتمانی و نه‌ته‌وه‌یی و په‌یامی راسته‌قینه‌ی میدیا، به تایبه‌ت میدیایه‌ك كه بانگه‌شه‌ی ئه‌هلی بوون و بێلایه‌ن بوون بۆ خۆی ده‌كات!