گەڕانەوەی پەرلەمانتارەکان بۆ بەغدا، ئا یا نا !؟آ ... عەبدوڵا ساڵح

سەرەتا دەمەوێ ئەم بابەتە بخەمە سێ تەوەری کورتەوە :

یەکەم / ئەمڕۆ پرسی " گەڕانەوەی کورد بۆ بەغدا " بەگەرمی بۆتە خۆراکی دەزگاکانی ڕاگەیاندن، ئەم دەستە واژە یە ھەر لەسەرەتاوە، لانی کەم لەڕوی زمانەوانیەوە، ھەڵەیە، کورد بەو مرۆڤە کورد زمانانە دەگوترێ کە لە چواربەشی جیا و لکێنراو بە چوار ووڵاتی جیاوە دەژین، کەواتە دروستر وایە بڵێن کورد لە " ڕۆژئاوای کوردستان " یا کورد لە کوردستانی عێراق .

تەنانەت ئەم دەستەواژەی دووەمیش ھەڵەیە چونکە بەڕاستی ئەو پەرلەمانتارانە نوێنەری حیزبە سیاسیەکانی خۆیانن نەک نوێنەری جەماوەر لە کوردستاندا، ئەویش بە دەلیلێکی زۆر سادە، ئەگەر ئەوانە نوێنەری خەڵک بانایە دەبوو پرسیان بەوان کردبا بۆ گەڕانەوە یان نەگەڕانەوە ! نەک بەڕابەری حیزبەکانی خۆیان .

دووەم / ئاخۆ بوونی ئەوانە لە بەغدا چ سوودێکی ھەبوەو دەبێ، ئەوەی تا ئێستا ڕوونە جگە لە ئیمتیازاتی شەخسی بۆ خۆیان، وەک، موچەی باش، سەیارەی باش، زەوی باش و دواتر خانەنشینی باش چی دیکە بووە ؟ من یەک دوانێکیان لەوانەی دەورەکانی پێشوو دەناسم وەک چرای نەوت لێبڕاویان لێھاتووە تروسکایی سیاسیان تێدا نەماوە و کوژاونەتەوە ! بێشک زۆریکی دیکەی لەو بابەتە ھەیە کە من نایان ناسم .

سێیەم / ھەندێک لەو پەرلەمانتارانە لە دەزگاکانی ڕاگەیاندنەوە باس لەگەڕانەوە بۆ بەغدا دەکەن بە شەرتو شروت، ئەمەش دوای ڕەزامەندی ڕابەرە سیاسیەکانیان، بۆ نمونە باس لە جێبەجێ کردنی مادەی 140 دەکەن ! وەک مەرجی گەڕانەوە، دەی باشە گریمان حکومەتە شڕۆڵە شیعەکەی بەغدا ڕازی بوو، تەکیدی دەکەمەوە گریمان، ئەوا ناوچە دابڕاوەکان دێنەوە سەر ناوچە دانەبڕاوەکان، واتە ھەر ئەو دەسەڵاتەی نزیک بە چارەکە سەدەیەکە حکومڕانی دەکا لە ناوچە دانەبڕاوەکان دەبێتەوە حاکم، ھەمان تاس و ھەمان حەمام !!

زەوی لەھەر شوێنێکی ئەم دنیایە بە دانیشتوانەکەیەوە خۆشەو جوانە، ئەگەر دانیشتوانەکەی بەختەوەر بوون ئەوا دەکرێ بڵێین ( بەردی وەک گەوھەرە و ئاوی چەشنی کەوسەرە ) دەنا کە زوربەی دانیشتوان، جگە لە مشتێک بەرپرس و سەرمایەدار، سفرەیان بەتاڵ و لێو بەبار بوون با زەوی ھەموو دنیایان ھەبێ، مەگەر ئەفریقا زەوی کەمە ؟

گۆرانی نەمر زۆر جوان دایلەکتیکی نێوان خاک و مرۆڤی باس کردوە کاتێک دەڵێ :

بەڵام تەبیعەت ھەرگیزاو ھەرگیز بێڕوناکیە بێبزەی ئازیز

ئەگەر لە بەشمەینەتانی کوردستان بپرسی ئاخۆ ناوچە دابڕاو و دانەبڕاوەکان ببنەوە بە یەک لەژێر سایەی ھەمان دەسەڵاتدا چی بەئێوە دەگا ؟ من دڵنیام دەڵێن :

ئاش لە خەیاڵێک و ئاشەوان لە خەیاڵێک !

یا وەک "کوردی موسڵمان" دەڵێن : ڕەمەزانیان بە . . . . خاوێن گرت جا نۆرەی شەشەڵانە !!

8 / 5 / 2016

Related Articles