(وریا بن، تف به‌ڕووی بادا مه‌كه‌ن) ... "نیتشه"
ژیاننامه گێڕانه‌وه‌ی تاكه، یان به‌شێك له ژیانی تاكه به قه‌ڵه‌می خۆی. بیۆگرافیا خود ده‌بڕێت بۆ ئه‌وه‌ی كه‌شفی جوله دیار و نادیاره‌كانی ژیان و ده‌روون بكات و ئاستی مه‌عریفه و ئاگامه‌ندی تاك بگه‌یه‌نێت. هه‌موو ئه‌وانه‌ش ده‌چنه توێی ئه‌ده‌بی خودگه‌راییه‌وه، له پشت ئه‌ده‌بی خودگه‌راییدا بڕوایه‌ك هه‌یه ئه‌ویش ئه‌وه‌یه كه خود سه‌ربه‌خۆیه و له به‌رانبه‌ر خۆی تیوار و شه‌فافه. . . نووسینه‌وه‌ی خود كۆمه‌ڵێك ده‌رئه‌نجام ده‌خاته روو، له‌وانه‌ش كۆتوبه‌ندی دابونه‌ریتی كۆمه‌ڵگا و كپكراوه‌كانی نه‌ست و هه‌ڵوێست و ئازادی و چالاكی و بوێری تاك. . . ژیاننامه شێوه‌ی جۆراوجۆری هه‌یه و به‌و شێوه‌یه دابه‌ش ده‌بێت: سه‌ربرده، یاده‌وه‌ری، یاداشتی كه‌سی، یاداشتنامه‌ی رۆژانه، یاداشتی رۆژانه‌ی سۆزداری، نامه‌ی ئه‌ده‌بی، سه‌فه‌رنامه‌ی ئه‌ده‌بی. . . هه‌موو ئه‌و جۆرانه‌ش له نێو خۆیاندا جیاوازییان هه‌یه.
ئه‌وه‌ی لێره‌دا ده‌مه‌وی جه‌ختی لێبكه‌مه‌وه ئه‌وه‌یه بیۆگرافیا له زمانی كوردیدا به (ژیاننامه) ناو به‌رین، كه له زمانی عه‌ره‌بی به (السیره) ناو ده‌برێت. . . چه‌مكی ژیاننامه ده‌چێته خانه‌ی ئه‌ده‌بی گێڕانه‌وه. . . وه‌ك چۆن ده‌شی له زمانی كوردیدا یاده‌وه‌ری، بیره‌وه‌ری، میمۆری (memoirs) بكه‌وێته به‌رانبه‌ر (مژكرات) ی زمانی عه‌ره‌بی. چه‌مكی یاده‌وه‌ری له‌به‌ر ئه‌وه‌ی په‌یوه‌ندی به یادگه‌وه هه‌یه، وه‌ك جۆرێك له گێڕانه‌وه‌ی تایبه‌تی ژیاننامه له قه‌ڵه‌م ده‌درێت، به‌ڵام پێش هه‌موو شتێك په‌سنی ئه‌و رووداوانه ده‌كات و ئه‌و هه‌ڵوێست و سه‌رهاتانه ده‌گێڕێته‌وه و شی ده‌كاته‌وه كه راسته‌وخۆ (منی نووسه‌ر) ی تێیدا ژیاوه و بینوویه‌تی و رۆڵی تێدا گێڕاوه. . . هه‌موو ئه‌وانه‌ش له‌گه‌ڵ سه‌فه‌رنامه و نووسینه‌وه‌ی سه‌فه‌ر به شێوه‌یه‌كی ئه‌ده‌بی و یاداشتی رۆژانه، نووسینی مه‌به‌ست بۆ له بیر نه‌چوون، واته (یومیات) كه‌مه‌كێك جیاواز ده‌كه‌ونه‌وه.
له نێو كورداندا ده‌ڵێن: ئێمه ئاگامان له سه‌ربورده‌ی تۆ نییه. . . به‌و مانایه‌ش ره‌نگه بتوانین بۆ (السیره الژاتیه –autobiography) ده‌سته‌واژه‌ی سه‌ربرده، سه‌رگوزشته به كار بهێنین. . . له ژیاننامه‌دا گێڕه‌ڕه‌وه دیاره، به‌ڵام بكه‌ر ونه، وه‌ك زه‌مه‌ن ئاسۆیی خۆی ده‌نوێنی و له سه‌ره‌تاوه به‌ره‌و كۆتایی ده‌بێته‌وه، ده‌مه‌وی بڵێم شوێن و زه‌مه‌ن له (ژیاننامه- Biography) و (سه‌ربرده- autobiography) دا دیاریكراو و سنورداره! به‌ڵام نووسینی مه‌به‌ست بۆ له بیر نه‌چوون به دانانی مێژووی رۆژه‌كان ئه‌وه ده‌چێته خانه‌ی جۆرێك له یاداشتی كه‌سی و به یاداشتی رۆژانه (الیومیات) ناو ده‌برێت. كه‌واته سه‌ربرده هه‌موو ئه‌وه‌یه، یان به‌شێكه له‌وه‌ی كه مرۆڤ له باره‌ی خۆیه‌وه ده‌یگێڕێته‌وه، یان له باره‌ی ئه‌ویدیكه‌وه. . . بی ئه‌وه‌ی چییه‌تییه‌كه‌ی دیاری بكات! یاده‌وه‌ری، یان بیره‌وه‌ری به گشتی له سی ته‌وه‌ره‌دا ده‌خولێته‌وه (كرده)، (بیركردنه‌وه)، (سۆز) تا سنورێكی زۆر چییه‌تییه‌كه‌ی دیاری كراوه بۆ نموونه: یاده‌وه‌ری سیاسی، مێژوویی، دیكۆمینتاری، رۆشنبیریی. . . وه‌ك چۆن له خانه‌ی یاده‌وه‌ریدا یاداشتی كه‌سی (مژكرات الشخێیه) هه‌یه، ته‌واو ده‌كه‌وێته نێوان بابه‌تگه‌رایی و مێژووی خودگه‌رایی سه‌ربرده‌وه. ده‌شی ئه‌و جۆره له یاده‌وه‌ری به شێوه‌ی یاداشتی رۆژانه‌ش بنووسرێته‌وه، یان ساڵه و ساڵ بنووسرێت. . .
له زمانی كوردیدا یاداشتی كه‌سی (مژكرات الشخێیه) له سه‌ربرده‌وه (السیره الژاتیه) نزیكه، به‌ڵام ئه‌وه‌ی لێكیان دوور ده‌خاته‌وه ئه‌وه‌یه كه له یاده‌وه‌ری و به تایبه‌تی یاداشتی كه‌سییدا گێڕه‌ڕه‌وه فیكر و ده‌روونی خۆی به‌یان ده‌كات، هه‌ڵوێستی خۆی له باره‌ی رووداوه‌كانی ژیانی خۆی ده‌رده‌بڕێت و بیریش له شیكردنه‌وه‌ی هه‌موو ئه‌وانه ده‌كاته‌وه كه ده‌شی له داهاتوودا روو بده‌ن، بۆ ئه‌وه‌ی دواتر بۆی بگه‌ڕێته‌وه و له هه‌ڵه‌كانی سوود وه‌ربگری. به‌ڵام له سه‌ربرده‌دا سه‌رهات و هه‌سته‌كان و هیواكانی تێدا ده‌گێڕێته‌وه. *
یه‌كێك له جیاوازییه‌كانی جۆره‌كانی ژیاننامه به گشتی به بینراو و رووداو و كه‌سه‌كانه‌وه به‌نده، چۆن بیركردنه‌وه‌كان و هه‌سته‌كانیان ده‌گه‌یه‌نن! دووه‌م، فره ره‌نگكردنی پانتاییه‌كانی گێڕانه‌وه‌ی سه‌رهات و ئاستی مه‌عریفی گێڕه‌ڕه‌وه و بایه‌خی گێڕانه‌وه و ئه‌زموون. . . هه‌موو ئه‌وانه جیاوازی تایبه‌تی دروست ده‌كه‌ن. سێیه‌مین جیاوازی ده‌كه‌وێته سه‌ر هێزی بیرهاتنه‌وه و راستگۆیی و پاراستنی هاوسه‌نگی و راشكاوی له كه‌شفكردن و چه‌پێنراوه ده‌روونی و فیكرییه‌كاندا. چواره‌م جیاوازی به ئاستی هونه‌رییه‌وه به‌نده، په‌یوه‌ندی به توانای گوزارشتكردن و شاره‌زایی (منی نووسه‌ر) ه‌وه هه‌یه، له هه‌ڵبژاردنی گۆشه‌نیگا و ده‌سته‌واژه و گونجاندن و دروستكردنی په‌یوه‌ندی له نێوان هۆكار و ده‌رئه‌نجامدا. . . واته بونیادنانی ده‌قێكی ئه‌ده‌بی و هونه‌ری.
به گشتی له ئه‌ده‌بی گێڕانه‌وه‌ی ژیاننامه‌دا هه‌میشه درۆكردن و زیاده‌ڕۆی و له ده‌ستدانی هاوسه‌نگی وه‌ك سه‌رنه‌كه‌وتنی (منی نووسه‌ر) ته‌ماشا ده‌كرێت، به‌و مانایه‌ش زۆربه‌ی جیاوازییه‌كان جه‌خت له مه‌سه‌له‌یه‌ك ده‌كه‌نه‌وه ئه‌ویش راستگۆییه به تایبه‌تی له گێڕانه‌وه‌ی یاده‌وه‌ری و یاداشتی كه‌سی. ئایا گێڕه‌ڕه‌وه وێنه‌یه‌كی چه‌ند راستگۆییانه‌مان له باره‌ی خۆیه‌وه بۆ ده‌كێشی؟ كاتی چه‌پێنراوه‌كانی ناوه‌وه‌ی خۆی و هه‌ڵوێست و بیركردنه‌وه‌كانی خۆی كه‌شف ده‌كات، ده‌یه‌وی چیمان پێبڵێت؟ بۆ وه‌ڵامی ئه‌و دوو پرسیاره، ده‌بی بۆ هه‌موو ئه‌و گۆڕانكارییانه بگه‌ڕێینه‌وه كه له قۆناغه‌كانی كلاسیك و رۆمانتیك و مۆدێرنه و پۆستمۆدێرنه‌دا به‌سه‌ر خود و (منی نووسه‌ر) دا هاتووه. . . له قۆناغی كلاسیك‌دا منی نووسه‌ر منێكی سێنترالی پیرۆز بوو، یان وه‌ك (باسكال) ده‌ڵێت منێكی به‌دبه‌خت بوو! به‌ڵام له رۆمانتیكدا منێكی تاك و ته‌نیایه (رۆسۆ له‌و باره‌وه ده‌ڵێت ده‌توانم بڵێم من به هیچ كه‌س ناچم) تا ده‌گاته سه‌رده‌می نوی و لێكهه‌ڵوه‌شانه‌وه‌ی من و خود، ئیتر گومانكردن له خودی سێنترال (منی نووسه‌ر) هاته ئاراوه. . . ئه‌ده‌بی ژیاننامه له گێڕانه‌وه‌یه‌كی خودگه‌را و منی نووسه‌ر له مێژووی گێڕانه‌وه هاته ده‌ره‌وه. . . ده‌مه‌وی بڵێم ئه‌و شێوه بیركردنه‌وه‌یه‌ی له باره‌ی خودی سێنتراڵ و منی نووسه‌ر، كه له كلاسیك و رۆمانتیك له ئارادا بوو، له سه‌رده‌می نوی و له دوای هه‌ستكردن به هیچگه‌رایی و پووچگه‌رایی له فه‌لسه‌فه‌ی مۆدێرنیزمه‌وه (وه‌ك هابرماس بڕوای پێیه‌تی) * گۆڕانكاری به‌سه‌ردا هات و سێنته‌راگه‌رایی به‌ره‌و په‌راوێزگه‌رایی و ده‌قگه‌رایی هه‌نگاوی نا. . . ده‌سته‌واژه به ناوبانگه‌كه‌ی سارته‌ر "من ئه‌وه‌م كه من نیم، به‌ڵكو ئه‌ویدیكه‌م" كاریگه‌ری زۆری نواند*. (فوكۆ) منی ره‌تكرده‌وه، بۆ ئه‌وه‌ی له رێگای ئه‌ویدیكه‌وه ده‌قگه‌رایی به‌رهه‌م بهێنإ و له رێگای ئه‌ویدیكه‌وه بیخوێنێته‌وه، بۆ ئه‌وه‌ی له بری به پیرۆزكردنی منی نووسه‌ر ده‌ق ببێته موڵكی ئه‌ویدیكه، ئه‌ویدیكه ده‌ق دابنێته‌وه، ئیتر لێره‌وه من هه‌ڵوه‌شایه‌وه و له شوێنی ئه‌و منه سێنتراڵه چه‌ندان (من) هاتنه قسه‌كردن. . . (لاكان) له ره‌تكردنه‌وه‌ی كۆجیتۆی (دیكارت) ی‌دا ده‌ڵێت "من له‌و شوێنه نیم كه بیر ده‌كه‌مه‌وه، من بیر ده‌كه‌مه‌وه له شوێنی كه نیم". . . لێره‌وه ره‌تكردنه‌وه‌ی خود، ره‌تكردنه‌وه‌ی خودگه‌رایی، ره‌تكردنه‌وه‌ی منی نووسه‌ریش ده‌نوێنی، به‌و مانایه‌ش منی گێڕه‌ڕه‌وه‌ی نێو ژیاننامه له پاڵ ره‌گه‌زه‌كانی دیكه‌ی گێڕانه‌وه (خه‌ون و شیكردنه‌وه‌ی رووداو و خه‌یاڵ و مه‌نه‌لۆگ و ئاماژه‌كردن بۆ خوێندنه‌وه‌ی ئاینده) خۆی ورد كرده‌وه. . . ده‌مه‌وی بڵێم ئیتر له مۆدێرنیزمه‌وه ده‌قگه‌رایی، خودگه‌رایی فه‌رامۆش ده‌كات!
ده‌قگه‌رایی هه‌رگیز خاوه‌ندارێتی قبوڵ نییه، چونكه فیكری مۆدێرنه و پۆستمۆدێرنه پێیوایه خاوه‌ندارێتی له رێگای ئه‌وه‌ی كه هه‌یه‌تی كهڵهگایی دهسهپێنإ، ئه‌گه‌رچی سه‌ره‌تای خاوه‌نداریه‌تی به پێی پێداویستی كۆمه‌ڵایه‌تی بوو، زه‌روره‌تێكی ئاسمانی بوو، به‌ڵام له جه‌وهه‌ردا خۆی زۆرداری بوو، پاشان به پیرۆزكرا، وه‌ك چۆن نووسه‌ر له رێگای بوون به خاوه‌نی ده‌ق ته‌قدیس ده‌كرا، دواجار چه‌مكی خاوه‌نداریه‌تی بووه ئایدۆلۆژیا و یاری به چاره‌نووسی خه‌ڵك ده‌كرد.
بیۆگرافیا
خاڵی یه‌كتربڕینی خه‌یاڵ و حه‌قیقه‌ت
"ئه‌وه‌یه مرۆڤ"ی نیتشه* وه‌ك نموونه‌ی ده‌قگه‌رایی
"گۆته"ی فه‌یله‌سوف به‌ڕاستی به‌شێكی زۆر له حیكمه‌تی نواند كاتێك بیۆگرافیای (Biography) خۆی به ناونیشانی (شیعر و حه‌قیقه‌ت) ناونا، حیكمه‌ته‌كه هه‌ر ته‌نها په‌یوه‌ندی به به‌های ژیانی كه‌سێتییه‌وه نییه. به‌ڵكو په‌یوه‌ندی به پرۆسه‌ی نووسینه‌وه‌ی بیۆگرافیا و جۆره‌كانییه‌وه هه‌یه، به‌و مانایه‌ی كه ده‌شی به‌شێكی بكه‌وێته نێو خه‌یاڵ و به‌شێكی به‌ڕاشكاوییه‌وه بهندبی. * لێره له‌و نێوانه‌دا ناونیشانه‌كه‌ی "گۆته" حیكمه‌ته‌كه‌ی خۆی ده‌وه‌شێنی. دكتۆر جۆنسن ده‌ڵی: ئه‌وه‌ی كه پێویسته بیۆگرافیا بنووسێته‌وه خودی كه‌سه‌كه خۆیه‌تی، چونكه هه‌موو مرۆڤێك بۆخۆی راستییه‌كانی ژیانی خۆی باشتر ده‌زانی، ئیتر وێڕای نائاگایی و پشتگوی خستن و له‌بیركردنه بی مه‌به‌سته‌كانیش. . . به‌ڵام ئه‌گه‌ر هاتوو كه‌سێك ویستی به راشكاوی رووی ناوه‌وه‌ی خۆی بنووسێته‌وه، له هه‌موو كه‌س زێتر پاڵنه‌ره‌كان و وڕوژێنه‌ره‌كان و شاراوه‌كان باشتر یاد ده‌كاته‌وه. *
خودگه‌رایی/ده‌قگه‌رایی
بیۆگرافیا گێڕانه‌وه‌ی ژیانێكی دیاریكراوه، مه‌عریفه‌یه‌ك له‌باره‌ی ماهیه‌ت و مانا و ئه‌و ئهرزشانه پێشكێش ده‌كات، كه ده‌قی پی دیاری ده‌كری. به‌و مانایه‌ش ده‌قی بیۆگرافیا پێكهاته‌یه‌كی مه‌عریفییه له به‌رجه‌سته‌كردنی لێوردبوونه‌وه‌ی ژیانی كه‌سییه‌وه له‌دایك ده‌بی.
كه‌واته بیۆگرافیا خۆ نووسینه‌وه‌یه، به‌و وه‌سفه‌ی كه ده‌قه، یان نووسینه‌وه‌ی كۆی چالاكییه‌كانی خودی كه‌سێكه به‌و وه‌سفه‌ی كه ده‌قه. بێگومان په‌سنی له‌و جۆره‌ش له ئه‌ده‌ب نزیك ده‌بێته‌وه، ئه‌گه‌رچی خود به ته‌واوی خۆی په‌سن ناكات، یان ناگێڕێته‌وه، به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا ئه‌و چالاكییه و نه‌خشه و نووسین و پانتاییه‌ی كه ده‌كه‌وێته نێوان وه‌سف و گێڕانه‌وه ده‌شی به ده‌قگه‌رایی ناو ببرێت. له‌كۆی ئه‌و قسانه‌دا ده‌مه‌وێت خۆم به‌و تێزه بسپێرم كه پرۆسه‌ی به‌رهه‌مهێنانی بیۆگرافیا پرۆسه‌یه‌كی ده‌قگه‌راییه.
ده‌شی پرسیاری سه‌ره‌كی بیۆگرافیا له‌نێو ئه‌ده‌ب ئه‌وه‌بی كه ئه‌گه‌ر بیۆگرافیا به ماڵێك بۆ حه‌سانه‌وه دابنێین، به‌و مانایه‌ی كه ماڵ دڵنیایی له‌خۆدا هه‌ڵگرتووه، ئه‌وه بیۆگرافیا وه‌ك دركاندن و گێڕانه‌وه‌ی نێو ئه‌و ماڵه، تێگه‌یشتنمان رووبه‌ڕووی ماڵ دووچاری له‌ق بوون ده‌كات. كه‌واته ته‌رجه‌مه‌كردنی بیۆگرافیا وه‌ك ده‌ق و به‌رجه‌سته‌كردنی وه‌ك فه‌زایه‌كی جیاواز، تێگه‌یشتنێكی ساخته‌كارانه‌مان له‌باره‌ی دڵنیاییه‌وه بۆ ده‌نووسێته‌وه. له‌سه‌ر ئه‌و بنه‌مایه ده‌توانیین بڵێین (بیۆگرافیا) بی فه‌زایه، به‌ڵام (ده‌قگه‌رایی) بیۆگرافی تۆبۆسه. *
بیۆگرافیا نه شوێنه نه بابه‌تێكه بۆ توێژینه‌وه، به‌ڵكو له خاڵی یه‌كتربڕینی هه‌ردووكیاندا دێته‌وه یه‌ك. تۆبۆس فه‌زای گوتاره به‌و خه‌سڵه‌تانه ده‌ناسرێته‌وه كه له جوگرافیاوه وه‌ری ده‌گرێت و له ره‌وانبێژی به‌ده‌ستی ده‌هێنی، به‌ڵام وێڕای ئه‌وه‌ش پانتاییه‌كی تایبه‌ت به‌خۆی ده‌كاته شوێنی كاركردن، چونكه فه‌زای گوتار له هه‌مان كاتتدا فه‌زای دیاركردنی ده‌ق و كرانه‌وه‌یه به‌سه‌ر ده‌قه‌كانی دیكه‌دا. *
كه‌واته له‌لایه‌ك دوور كه‌وتنه‌وه‌ی بیۆگرافیا له شوێن و ته‌ماشاكردنی فه‌زا وه‌ك جیاوازی، راسته‌وخۆ په‌یوه‌ندی به ژیانی كه‌سه‌كانه‌وه هه‌یه. چونكه سنووری بیۆگرافی ئه‌و شوێنه گونجاوه‌یه كه دانه‌ر وه‌ك تاك تێیدا ده‌مێنێته‌وه و ده‌سه‌ڵاتی خۆی له رێگای به‌كارهێنانی راناوی "من"ه‌وه پراكتیزه ده‌كات. گێڕانه‌وه‌ش له رێگای قسه‌كه‌ر و دابڕانی "من"ی ده‌ق، له "من"ی دانه‌ر ته‌عبیر له راشكاوی ده‌كات. له‌لایه‌كی دیكه بیۆگرافیا وه‌ك شێوازی چالاكیه‌كی زه‌مه‌نی ده‌قێكه به‌وه په‌سن ده‌كری، كه ده‌كه‌وێته نێو شه‌پۆلی ژیانه‌وه. بێگومان گێڕه‌ڕه‌وه ده‌توانی رووداوێك به زانیاری پێشتر پڕ بكاته‌وه، به مه‌رجێك نه‌كه‌وێته ژێر چاودێریكردن، یان نهێنییه‌ك، یان بابه‌تێكی سه‌ره‌كی كه چاوه‌ڕێی ده‌ركه‌وتن و ناسینی ده‌كری. نووسه‌ری بیۆگرافیا وه‌ك "مۆنتانی" و "رۆسۆ" ده‌ڵێن: هه‌موو شتێك ده‌ڵی، له‌پێناو ئه‌وه‌ی ده‌یه‌وی، بۆ ئه‌وه‌ی به هۆی رابردوو، داهاتوو بچنی. * كه‌واته بیۆگرافیا به شێوه‌یه‌كی تایبه‌ت زه‌مانییه.
به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا كات له بیۆگرافیادا هه‌موو شتی نییه، وه‌ك چۆن شوێنگه‌راییه‌كی جیاواز داده‌مه‌زرێنی. به مانایه‌كی دیكه وه‌ك (ج. هیو. سلفرمان) ده‌ڵی: بیۆگرافیا له‌خاڵی لێكدابڕانی زه‌مانی رووت و مه‌كانی رووتدایه. زه‌مانی رووت ژیانی تایبه‌تی نووسه‌ری بیۆگرافیایه، به‌ڵام مه‌كانی رووت وه‌سفكردنی كۆمه‌ڵێك فه‌زایه كه ژیان تیایاندا شێوه‌یه‌ك له شێوه‌كان وه‌رده‌گری. كه‌واته ئه‌وه‌ی بیۆگرافیا جیا ده‌كاته‌وه تێكه‌ڵكردنی زه‌مان و مه‌كانه. *
حه‌قیقه‌ت/خه‌یاڵ
راسته گێڕانه‌وه ئامرازێكه پێچه‌وانه‌ی ره‌گه‌زی وه‌سفكردن، گوتارێكه پشت به چیڕۆك و گێڕانه‌وه‌ی ئه‌ده‌بی ده‌به‌ستی، به‌ڵام سنووری گێڕانه‌وه وه‌ك چۆن به‌سه‌ر په‌خشاندا كراوه‌یه، به‌سه‌ر شیعریشدا كراوه‌یه، كه‌واته پرۆسه‌ی گێڕانه‌وه له نێوان هه‌موو كاره ئه‌ده‌بی و هونه‌رییه‌كاندا هاوبه‌شه. بۆ نموونه شیعر هه‌مووی وه‌سف نییه، هه‌تا له‌گه‌ڵ گێڕانه‌وه پێچه‌وانه بكه‌وێته‌وه، به‌ڵكو به‌شێك له گێڕانه‌وه‌ی تێدایه كه نابی پشتگوێی بخه‌ین و نكۆڵی لێبكه‌ین، په‌خشانیش هه‌مووی گێڕانه‌وه نییه، هه‌تا پێچه‌وانه‌ی په‌سن بكه‌وێته‌وه. لێره‌وه حه‌قیقه‌ت و خه‌یاڵ، یان پرسی گه‌یاندن/جیبه‌جێكردن، بڕیاردان/ئاماژه‌كردن، شیكردنه‌وه/وێناكردن. . . هتد و كۆی پرسه‌كانی زانست و ئه‌ده‌ب به‌رجه‌سته ده‌بن، به‌ڵام ده‌مه‌وێت بڵێم ئه‌گه‌ر زانست بیه‌وی خه‌یاڵنه‌كردن بی، هه‌وڵ بۆ به‌ده‌ستهێنانی پێوانه بدات، پاراستنی شوێن بی له پانتایی كه‌شفكردندا، ئه‌وه ئه‌ده‌ب وه‌ك (ج. هیو. سلفرمان) ده‌ڵی: خۆی وه‌ك گوتارێك له درۆ پێشكێش ده‌كات. یه‌كه‌میان مه‌عریفه‌یه‌كی پێوانه‌یی بۆخۆی ده‌خاته‌وه، به‌ڵام دووه‌میان مه‌عریفه‌یه‌ك به‌رهه‌م ده‌هێنی كه زمانی قسه‌كردنی تایبه‌ت به خۆی هه‌یه. له نێوان شیعر و گێڕانه‌وه، خه‌یاڵكردن و خه‌یاڵنه‌كردن بیۆگرافیا ده‌كه‌وێته دوورترین هه‌وار. . . به‌و مانایه‌ی كه له سنووری خه‌یاڵنه‌كردندا خه‌یاڵ ده‌نێته‌وه، له سنووری خه‌یاڵكردنیشدا بانگه‌شه‌ی ده‌قگه‌رایی بیۆگرافیای خه‌یاڵنه‌كراو ده‌كات. به‌مانایه‌كی دیكه له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ده‌قی بیۆگرافی به راناوی كه‌سی یه‌كه‌می تاكه‌وه به‌نده و ئه‌و راناوه‌ش ده‌چێته نێو بیركردنه‌وه و بیركردنه‌وه‌ش توانای خه‌یاڵكردن ده‌كاته‌وه بۆیه ده‌شی بڵێین بیۆگرافیا گێڕانه‌وه‌یه‌كه ناتوانرێت به‌دواداچوونی زانستی بۆ به‌ئه‌نجام بگه‌یه‌نین، بۆ نموونه له بیۆگرافیادا قسه‌كردن له‌باره‌ی سرووشت، جوگرافیا یان كشتوكاڵ. . . ناتوانی توێژه‌رێكی كشتوكاڵی رازی بكات. به‌ڵام ده‌شی یارمه‌تی خوێنه‌ر بدا، بۆ ئه‌وه‌ی له خه‌سڵه‌ته‌كانی دیكه‌ی نووسه‌ر تێبگات له شاره‌زاییه‌كان و قه‌ناعه‌ته‌كان و مه‌عریفه‌كانی. . .
گێڕانه‌وه به راناوی "من" راشكاوییه، له‌وێوه كه ده‌یه‌وی وه‌ڵامی هه‌ندی پرس بداته‌وه، وه‌ك چۆن له‌زۆر كاتتدا گه‌یاندنی حه‌قیقه‌ت و بڕیاردان له‌خۆ ده‌گری، له‌ڕووی زانستییه‌وه ئه‌و جۆره گێڕانه‌وه‌یه به‌ره‌و گوتارێكی تایبه‌تمان ده‌كاته‌وه، به‌ڵام له‌ڕووی ئه‌ده‌بی و فه‌لسه‌فییه‌وه زاڵبوونی "من" ده‌گه‌یه‌نێت. بۆیه كاتێك ده‌قی بیۆگرافی ده‌خه‌ینه چوارچێوه‌یه‌كی دیاریكراو ده‌بینین نه ده‌كه‌وێته دووتوێی خه‌یاڵكردن نه به‌خه‌یاڵنه‌كردنه‌وه دهلكی، ئه‌وه‌ش وامان لێده‌كات بڵێین ده‌قی بیۆگرافی ده‌كه‌وێته نێوان ئه‌ده‌ب و فه‌لسه‌فه‌وه. . . به‌و مانایه‌ش ده‌قی بیۆگرافی هه‌ر ته‌نها په‌سنی رابردوو و داهاتووی دوور ناكات، به‌ڵكو داهاتووی نزیكیش ده‌گرێته‌وه. كه‌واته بیۆگرافیا بۆ خۆی خوازه‌یه، واته ده‌قێكه به‌گشتی خوازه پێكده‌هێنی، ئه‌وه‌ش ئه‌وه ده‌گه‌یه‌نێت بیۆگرافیا نموونه‌ی ژیانێكی دیاریكراو نییه، چونكه كاتێك ده‌بێته خوازه بۆ ژیانێكی دیاریكراو ئه‌وه ئه‌و ژیانه ناگه‌یه‌نێت، به‌ڵكو كۆپێیه‌كی دیكه‌ی ژیانی ناوبراو پێشكێش ده‌كات.
"ئه‌وه‌یه مرۆڤ "
له نێوان توانا و تێگه‌یشتن
له "سفری ته‌كوین 3: 22" ده‌گوتری: ئه‌وه‌یه مرۆڤ هه‌ر وه‌ك یه‌كێك له ئێمه شه‌ڕ و خێر ناس ده‌كات. ده‌سته‌واژه‌ی "ئه‌وه‌یه مرۆڤ" ئاماژه‌یه بۆ مه‌سیح و مه‌سیحییه‌كان ده‌ڵێن خوا له‌و ده‌سته‌واژه‌یه‌دا مه‌لائیكه‌ته‌كان ده‌دوێنی و ده‌ڵی ئه‌و مرۆڤه له كتێبی خێر و شه‌ڕدا به‌شداری له‌گه‌ڵ ئێمه‌دا هه‌یه. به‌ڵام فه‌یله‌سوفی پۆست مۆدێرنه "فریدریك نیتشه" ده‌یه‌وی له رێگای دووباره‌كردنه‌وه‌ی ده‌سته‌واژه‌ی "ئه‌وه‌یه مرۆڤ" تواناكانی خۆی نیشان بدات.
له كۆی ئه‌و نووسینه‌دا هه‌وڵمدا بڵێم بیۆگرافیا ژیانی كه‌سێكه، نووسراوه‌ته‌وه. یان پرۆسه‌ی به‌رهه‌مهێنانی بیۆگرافیا ئه‌و نووسراوه ده‌گرێته‌وه، كه كه‌سێك ژیانی تایبه‌تی خۆی ده‌نووسێته‌وه. به‌ڵام كتێبی "ئه‌وه‌یه مرۆڤ"ی نیتشه، ئه‌گه‌رچی له چوارده به‌ش پێكهاتووه و له رێگای به‌كارهێنانی راناوی "من" له‌كۆی ئه‌و كتێبه به‌تایبه‌تی له به‌شه‌كانی: بۆچی من ئه‌وه‌نده دانام، بۆچی هێنده من زیره‌كم چ شتێك وام لێده‌كات كتێبی باش بنووسم. . . ته‌نها ده‌یه‌وێت ماهیه‌تی خۆی نیشان بدات، كه‌متر ئاماژه به ژیانی تایبه‌تی خۆی ده‌كات. بۆ نموونه له به‌شی دووه‌م بۆچی من ئه‌وه‌نده زیره‌كم ده‌ڵی: له ته‌مه‌نێكی زۆر زوودا كه هێشتا حه‌وت ساڵان بووم تێگه‌یشتم كه هیچ قسه‌یه‌كی مرۆڤانه نییه بتوانێت بێته ناوه‌وه‌م، باشه كه‌سێك بینی من به‌هۆی ئه‌وه‌وه میزاجم خراپ بێت؟ تا ئێستا به‌رانبه‌ر به خه‌ڵك لوتفم هه‌یه، بگره رێزی خه‌ڵكی زۆر ساده‌و ساكاریش ده‌گرم، ئه‌وه‌ش به‌هیچ جۆرێك پێشاندانی گه‌وره‌یی و فیز نییه، كاتێك رقم له كه‌سێك ده‌بێته‌وه هه‌ر یه‌كسه‌ر هه‌ست ده‌كات كه رقم لێیه‌تی، هه‌ر ئه‌وه‌نده به‌سه من بێمه شوێنێك بۆ ئه‌وه‌ی هه‌موو ئه‌و خه‌ڵكانه‌ی خوێنیان بۆگه‌ن و گه‌نده‌ڵه بێزار و تووڕه بن. * ئه‌گه‌رچی هه‌موو ئه‌و به‌خۆداهه‌ڵدانه ده‌چێته میانی په‌سن و گێڕانه‌وه، به‌ڵام گێڕانه‌وه‌یه‌كی زنجیره‌ئامێزی زه‌مه‌نی نییه، به‌قه‌د ئه‌وه‌ی بڕوای خودی نیتشه‌یه له‌باره‌ی خۆیه‌وه، به‌شێكی زۆری ئه‌و بڕوایه‌ش به‌تایبه‌تی له به‌رانبه‌ر "فاكنه‌ر"ی مۆسیقی زۆر كه‌سییه و راسته‌وخۆ به په‌یوه‌ندی نێوانیانه‌وه به‌نده. نیتشه له‌و كتێبه‌دا له بری ژیانی تایبه‌تی جگه له‌و به‌شانه‌ی له سه‌ره‌وه ناوم بردن له هه‌موو به‌شه‌كانی دیكه‌دا ته‌نها ده‌یه‌وێت ناسنامه‌ی فه‌لسه‌فی و رۆشنبیریی خۆی به هۆی ناوهێنانی كتێبه‌كانییه‌وه به ئه‌ویدیكه‌ی خوێنه‌ر بگه‌یه‌نێت.
كه‌واته نیتشه له رێگای راناوی "من" ده‌ق ده‌خاته روو، بۆیه له‌و بیۆگرافیایه‌دا جگه له ده‌قی ژیانی نیتشه: باوكم له ته‌مه‌نی (36) ساڵی كۆچی دوایی كرد. . . ل19. من ئه‌ڵمانییه‌كی دژ به سیاسه‌تم. . . . . ل20. دایكم بێگومان یه‌كێكه له‌وانه‌ی زۆر ئه‌ڵمانییه. . ل21. من له رێكه‌وتی (15) ی ئۆكتۆبه‌ری 1844 له دایكبوومه. . . هیچ په‌سنێكی دیكه‌مان به‌رچاو ناكه‌وێت. كه‌چی (سارته‌ر) له كتێبی (وشه‌كان) ورده‌كاری ژیانی دوانزه ساڵه‌ی خۆی له زنجیره‌یه‌كی زه‌مه‌نیدا تۆمار ده‌كات. به‌ڵام نیتشه زێتر ئاماژه به به‌رهه‌مه فه‌لسه‌فییه‌كانی دیكه‌ی خۆی ده‌كات و له‌و رێگایه‌وه خۆشی له شوێنگه‌ی خۆی به‌ده‌ست ده‌هێنی. به مانایه‌كی دیكه نیتشه له بری ئه‌وه‌ی خۆی وه‌ك شوێنی پرسیار به‌رز بكاته‌وه، به‌رهه‌مه‌كانی وا نیشان ده‌دات، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا ناتوانین بڵێین ئه‌و په‌یوه‌ندییه نووسراوه‌یه شوێنی ده‌قی بیۆگرافیا نییه.
به‌كورتی نیتشه له‌و كتێبه‌دا روو له رابردوو ده‌كات، وه‌ك چۆن په‌ی به داهاتووش ده‌بات، له هه‌ردوو باریشدا ژیانی ده‌قی پێشوو له‌لایه‌ك و ده‌قی سه‌ره‌كی له‌لایه‌كی دیكه به‌رجه‌سته ده‌كاته‌وه، به‌و مانایه ده‌شی ئه‌و بیۆگرافیایه وه‌ك ساته‌وه‌ختێك له ئێستا ته‌ماشا بكه‌ین، كه ده‌كه‌وێته نێوان رابردوو و داهاتوو. دواجار ده‌توانم بڵێم ئه‌و كتێبه ده‌شی وه‌ك داڕژانی شیعریی و كۆمه‌ڵێك پڕشنگی ئیستێتیكی سه‌یری بكه‌ین، واته به‌شێكی زۆری جوانی ئه‌و كتێبه راسته‌وخۆ به پڕشنگ و داڕژانه نه‌ستییه‌كانی نیتشه‌وه به‌نده، وه‌ك چۆن به‌شێكی دیكه‌ی به كۆی ئه‌و دید و زانیاری و سه‌رنجانه‌وه دهلكی، كه له‌باره‌ی به‌رهه‌مه فه‌لسه‌فیه‌كانییه‌وه ده‌یخاته روو. نابی له‌بیریشمان بچی كه وه‌رگێڕی كوردی (رێبین ره‌سوڵ ئیسماعیل) به زمانێكی نزیك له ده‌قی نیتشه‌یی توانیویه‌تی ئه‌و داڕژان و پڕشنگانه بۆ زمانی كوردی بگوازێته‌وه.
سه‌رچاوه و په‌راوێزه‌كان:
1- هێلكاری گێڕانه‌وه‌ی خودگه‌رایی، یان به‌شێك له ژیانی تاك به قه‌ڵه‌می خۆی، به (ژیاننامه- السیره) ناو به‌رین و (سه‌ربرده- السیره الژاتیه) به ژیاننامه گری بده‌ین و (یاده‌وه‌ری- مژكرات) له سه‌ربرده نزیك بكه‌ینه‌وه و (یاداشتی كه‌سی- مژكرات الشخێیه) بخه‌ینه خانه‌كانی یاده‌وه‌ری و (یاداشتی رۆژانه- الیومیات) له یاداشتی كه‌سی هه‌ڵگرینه‌وه.
2- وشه‌ی سه‌رهات مانای رووداو ده‌دات، وه‌ك له لاپه‌ڕه‌ی 444 هه‌نبانه بۆرینه‌ی مامۆستا هه‌ژار هاتووه.
3- د. لگیف زیتونی، معجم مێگلحات نقد الروایه، دار النهار للنشر، بیروت- لبنان، گ1 2002، ێ 13-14.
4- هابرماس پێیوایه پۆستمۆدێرنه درێژكراوه‌ی مۆدێرنه‌یه.
5- فریدریك نیچه، ئه‌وه‌یه مرۆڤ، وه‌رگێڕانی: رێبین ره‌سوڵ ئیسماعیل، وه‌زاره‌تی رۆشنبیریی، به‌رێوه‌به‌رایه‌تی خانه‌ی وه‌رگێڕان، چاپخانه‌ی كارۆ، چ1، 2009.
6 – به‌شێك له ره‌خنه‌گران فیۆگرافیا و شیعر به‌شیاو نازانن، به‌ڵام هه‌ندێك ده‌ڵێن ئه‌ده‌بی فیۆگرافی له گواستنه‌وه‌ی ئه‌زموونی ژیانی تاك پشت به حه‌قیقه‌ت و راستگۆیی ده‌به‌ستی، به‌ڵام شیعر به‌پێچه‌وانه‌وه ئه‌گه‌ر گواستنه‌وه‌ی درۆ نه‌بی، ئه‌وه پشت به وێناكردن و خه‌یاڵ و زیاده‌رۆیی و راستگۆیی هونه‌ریی ده‌به‌ستی. كه‌سانێكی دیكه‌ی سێیه‌م تێكه‌ڵكردنی ره‌گ و ریشه‌یی فیۆگرافیا و شیعر به لایانه‌وه ئاساییه.
7 - ڕوجه السیره، اندریه موروا، ترجمه: ناجی الحدیپی، وزاره الپقافه و الاعلام_بغداد، گ1 1987، ێ109.
8- تۆبۆس- Tobos: وشه‌یه‌كی گریكییه به مانای شوێن دێت، به‌ڵام له ئه‌ده‌ب به بابه‌ت، یان فیكره‌ی بنه‌ڕه‌تی سه‌یر ده‌كرێت.
9- بڕوانه: ج. هیو. سلفرمان، نێیات، ترجمه، حسن ناڤم، علی حاكم ێالح، المركز الپقافی العربی، دار البیچا و -المغرب، گ1 2002، ێ141.
10- ه. س. پ. ل146_147.
11 - ه. س. پ. ل147.
12 - ئه‌وه‌یه مرۆ، ه. س. پ. ل88.
ئه‌و بابه‌تانه‌ی له کوردستان نێت دا بڵاوده‌کرێنه‌وه، بیروبۆچوونی خاوه‌نه‌کانیانه، کوردستان نێت لێی به‌رپرسیار نییه.