ھودا پار) یان حیزبوڵڵای جاران ... ئیسماعیل تەنیا-ھانۆڤەر

لە شەڕی (چاڵدێران-1513)ەوە بگرە تا ئیمڕۆ، کورد ھەردەم وەک کارتێکی فشار بەکار ھاتووە. لە سەردەمی عوسمانلییەکانەوە، بەھۆی(موسڵمان-سونی مەزھەب) بوونیانەوە، لەدژی(سەفەوی، ڕووس، ئەرمەنی)یەکان، وەک مقاشێک بەکارھاتوون. (سوارەی حەمیدی)یەکانیش نموونەیەکی زیندوی ئەم ڕاستییەن. پێش مردنی یەکجارەکی پیاوە نەخۆشەکە(ئیمپراتۆریەتی عوسمانلی)یش، ئەوانەی خۆیان بۆ جێگرەوەی ئەم پیاوە نەخۆشەش ئامادە دەکرد، بە دروشم و بەڵینی جۆر بەجۆر، کوردیان لەخشتە دەبرد، ئەگەر وانییە، ئەدی چ ھۆکارێک زاناو خوداناسی گەورە(سەعید نەورەسی)و(ئەتاتورک)ی عەلمانی، لە سەنگەرێکدا، کۆکردۆتەوە؟! بەڵام کە (ئەتاتورک) سەرکەوت و دەستی خۆی بینی و پایەکانی دەوڵەتی بەھێز کرد، یەکەم کەس دۆست و ھاوسەنگەری دوێنێی خۆی(سەعید نەورەسی) خستە زیندانەوەو سەرجەم قوتابخانەو مزگەوت و کۆرسی قورئان خوێندن و حوجرەکانی داخست. . .

لەپاش بەرپابوونی شۆڕشی ئیسلامی ئێران لەساڵی(1979)و ھاتنە سەرکاری(ئیمام خومەینی)، کەش و ھەوایەکی لەبار بۆ ئەم کوردانە خولقا کە ھەواداری ڕێکخستن و حزبی ئیسلامی بوون. وێرای ئێرانیش ھۆکارێکی تری سەرەکی یارمەتیدەر بۆ دروست بوونی ئەم جۆرە حزبە، دامەزراندنی پارتی کرێکارانی کوردستان(پێ. کا. کا)و ھەڵگیرساندنی شۆڕشی چەکداری بوو لە باکوری کوردستاندا.

لەساڵانی(1970-1980)دا، چەندین گروپ و کۆمەڵی ئیسلامی لەباکوری کوردستاندا لەژێر ناوی جۆر بەجۆری وەک؛(کتێبخانە، کۆرسی قورئان خوێندن، دەزگای خێرخوازی، دەزگای زەکات و سەرفترە) کاریان دەکرد. لەساڵی(1979)دا، ئەم گروپانە بە ڕێبەرایەتی(حوسێن وەلی ئۆغڵۆ)، لەشاری(باتمان)دا، (بزوتنەوەی یەکگرتن)یان دامەزراند. کە (پێ. کا. کا)ش شەڕی چەکداری ڕاگەیاندو ڕۆژانە گورزی گەورەی دەسرەواندە ھێزەکانی پۆلیس و عەسکەرو جەندرمە، بەرژەوەندی کاتی دەوڵەتی تورکیای عەلمانی و ئەم گروپە ئیسلامییانە یەکانگیر بوو، بۆیە لەنێوان ساڵانی (1988-1990)، بەیارمەتی و ھاریکاری دەزگای(میت)ی تورکی و دەزگای ئیتلاعاتی ئێران، ڕێکخستنی سونی مەزھەب(حیزبوڵلا) یان دامەزراند، کە لەناو تورکەکاندا بە (ئەڵاھن تەرەفلەری)و لەناو کورداندا بە (حزبوڵڵای کوردی)، ناوبانگی دەرکرد. لەناو کورداندا، ئەندامەکانیان ڕیشدارو نوێژو قورئان خوێن بوون و بە (سۆفی) بانگ دەکران. وێرای بوونی (حزبوڵڵا)ش، چەندین گروپ و کۆمەڵی سەر بە ڕێبازی(نورسی)جاران و فەتحوڵلا گیولەنی ئێستا، چاڵاکییان دەنواند. ئەمانە ھەموویان دژی (پێ. کا. کا)لەیەک سەنگەردا بوون و پڕوپاگەندەیان لەدژی بڵاو دەکردەوە. کار گەیشتە ئەو ڕادەیەی کە (حزبوڵڵا) بە ئاشکراو بەبەر چاوی دەسەڵاتەوە چەکیان ھەڵدەگرت. بەپاڵپشتی دەوڵەت لەنێوان ساڵانی(1990-1997)دا، چاڵاکییەکانیان ئەوەندە فراوان بوو کە خەریک بوو لەژێر کۆنترۆڵی دەوڵەت دەردەچوون. لەم ماوەیەدا، بەسەدان مرۆڤی ھەڵگری ئایدیای چەپ و عەلەوی و نووسەرو ڕۆژنامەنووس و ئەندام و ھەواداری(پێ. کا. کا)یان لە شارەکانی باکوری کوردستاندا، تیرۆر کرد، کە ئەو سەردەم بەم کارە تیرۆریستیانەیان دەگوت؛ قوربانی دەستی تاوانی فاعیلی مەجھول(بکەری نادیار). بەگوێرەی ئامارە ڕاگەیاندراوەکانی دەوڵەتی تورکیا، زیاتر لە ھەشت سەد کەس بە دەستی ئەم گروپە ڕادیکاڵە ئیسلامییە تیرۆر کراون. بنکەی سەرەکی حزبوڵڵا لەشارەکانی(باتمان، دیاربەکر، سیلڤان، ماردین، نسێبین)، بەھێز بوو. حزبوڵڵا، شانبەشانی جاشە کوردەکان کە بە (کوروچی) بەناوبانگ بوون و سوپای دەوڵەت لەدژی (پێ. کا. کا)دەجەنگان و دروشمی شەڕی(ئیسلام دژ بە کافر)یان بەرز دەکردەوەو بە (حزبی شەیتان)، ناویان دەبردن. ژمارەی ئەندامە چاڵاکەکانیان خۆی لە بیست ھەزارێک دەدا. . . پاش ئەوەی بلۆکی سۆسیالیستیش ھەرەسی ھێناو جۆرە نەزمێکی تری جیھانی(تاک جەمسەری)بەرقەرار بوو، (پێ. کا. کا)ش بەسیاسەتەکانی جارانی داچۆوەو ئامادەی گفتوگۆو ئاگربەست بوو، سیاسەتێکی نەرمی نواندو سەقفی داواکانی نزمتر کردەوە. بۆیە دەوڵەت ئەوەندە پێویستی بە (حزبوڵڵا) نەماو ھەستی بەوە کرد کەوا ئەم گروپە خەریکە لەژێر کۆنترۆڵی دەوڵەت دەردەچن، باکوری کوردستانیان کردۆتە مەیدانی تیرۆرو تۆقاندن، بۆیە لەساڵی(1997)دا دژیان وەستایەوە، چالاکییەکانیانی قەدەغە کرد. ئەندامە دیارو ترسناکەکانی زیندانی کردن. ئەم کاتە دەوڵەت بە فەرمی(حزبوڵڵا)ی بە گروپێکی مافیاو تیرۆرست و لەیاسا دەرچوو، ناوزەد کرد. ھەروەھا ئەوەی ڕاگەیاند کە ھەموو تاوانەکانی کە بە تاوانی(فاعیلی مەجھول) ناسراون، ئەم گروپە ئەنجامی داون. ھەر ئەم کاتە ئەوەی ڕاگەیاند کە (حزبوڵڵا)لەسەرەتای دروستبوونیەوە تاوەکو قەدەغە کردن و ھەڵوەشاندنەوەی، زیاتر لە سێ ھەزار تاوانی کوشتنیان ئەنجامداوە. ڕۆژانە بەبەرچاوی ڕاگەیاندن و کامیراکانەوە، چەندین گۆڕی بەکۆمەڵیان لەباکوری کوردستاندا ھەڵدەدایەوە، چەندین حەشارگەی چەک و تەقەمەنیان، ئاشکرا دەکرد. ئەندامە دەستگیرکراوەکان، گانیان بەتاوانەکانیان دادەناو گۆڕی تازەتریان ئاشکرا دەکرد.

دوای ئەوەی کە (پارتی دادو گەشەپێدان-ئاک پارتی)، دامەزراو لەیەکەمین بەشداری کردنی لە ھەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی تورکیادا، تاک لایەنە دەسەڵاتی گرتە دەست وپایدۆزی بە حزبە کلاسیکییەکانی وەک؛(پارتی نیشتیمانی دایک-ئەناوەتەن پارتیسی، پارتی ڕێگای ڕاست-دۆغرویۆڵ پارتیسی، پارتی بزووتنەوەی میللی خەڵک-میللییەت ھەلک پارتیسی، پارتی فەزیلەت-فەزیلەت پارتیسی، پارتی کۆماری خەڵک-جمھوریەت ھەلک پارتیسی) کرد، لێبووردنێکی گشتی بۆ زیندانیان دەرکرد. لە سایەی ئەم لێبووردنەوە، بەسەدان پیاوکوژو تیرۆریست و ئەندامی(حزبوڵڵا)ش، ئازاد کران و ھاتنەوە ناو کۆمەڵ. . . ھەواداران و ئەندامانی (حزبوڵڵا)، لەژێر ناوی جۆر بەجۆر، لەسەردەمی حوکمی(ئاک پارتی)دا چاڵاکییەکانیان فراوانتر کرد. . . لە ڕێکەوتی(22/4/2012)دا، لەشاری(دیاربەکر)، گەورەترین ڕێوڕەسمی یادکردنەوەی ڕۆژی لەدایکبوونی پێغەمبەریان، پیرۆز کرد. لەم ڕێوڕەسمەدا، ھێزو قەبارەو بنکەی جەماوەری خۆیان نمایشکرد.

بە ھاندان و یارمەتی دەوڵەت و(ئاک پارتی)، بۆ بێھێزکردنی بنکەی جەماوەری(پارتی ئاشتی و دیموکراتی-بێ. دێ. پێ)و(پێ. کا. کا)، ئەندامەکانی (حزبوڵڵا)ی جاران و ھەموو گروپە ڕادیکاڵە ئیسلامیە کوردە سونی مەزھەبەکان، لە ڕێکەوتی(19/12/2012)دا، بە ڕێبەرایەتی پارێزەرمحەمەد حوسێن یڵماز، دامەزراندنی پارتیا دۆزا ئازادی(ھور داڤا پارتیسی)، کە کورتکراوەکەی(ھودا پار)ەیان، ڕاگەیاند. . . لەناو دەستەبژێری سیاسەتمەدارو نووسەرو ڕۆشنبیرو ڕۆژنامەنووسانی کوردو تورک، (ھودا پار) بە درێژە پێدەری(حزبوڵڵا) ناسراوەو ھەمان ڕێبازو سیاسەتی دژ بە(پێ. کا. کا)و پارتی دیموکراتی گەلان (ھا. دێ. پێ)ی گرتۆتە بەر. جگەلەمەش، دامەزرێنەرو ڕێبەرەکەیان(محەمەد حوسێن یڵماز)، کاتی خۆی یەکێک بووە لەو پارێزەرانەی کە سەرسەختانە داکۆکی لە کێسی ئەندامە زیندانیکراوەکانی(حزبوڵڵا)، کردووە. ئەگەر (ھودا پار)ی ئێستا لەسەر ڕێبازو پاشماوەی(حزبوڵڵا)ی جارانیش دانەمەزرا بێت، بەڵام ھەمان سیاسەتی حزبوڵڵا(ڕوو لەدەسەڵات و دژ بە داخوازیەکانی ڕەھای کورد لە باکور)، وەستاوەتەوە. ئیمڕۆ، بڵێین و نەڵێین؛(پێ. کا. کا)و(پارتی دیموکراتی گەلان-ھەدەپ)، نوێنەرایەتی ناخی زیندو و کوردی ڕاستەقینەی باکور دەکەن، ھەڵبژاردنەکانیش گەواھی ئەم ڕاسییە دەدەن. ئەم حزب و گروپ و ڕێکخراوانەی کە خۆیان بە نوێنەری کورد دەزانن، لە (حزب و بزووتنەوەی تۆزوبا)و مەقاشی دەستی داگیرکەران بترازێ، ھیچیتر نین.

پارتیا دۆزا ئازادی(ھودا پار)، لەشاری(دیاربەکر)، بە ئامادەبوونی پێنج سەد ئەندام، لە ڕۆژی (20/12/2013)دا، یەکەم کۆنگرەی خۆی بەست. بەشداری ھەڵبژاردنی شارەوانییەکانی باکوری کوردستانی کرد، بەڵام لەبەر ئەوەی دروستکراو، نوێنەری خەڵک نەبوون، تەنھا(33207) دەنگیان ھێناو ھیچ کام لە بەربژێرەکانیان سەرکەوتنیان بەدەست نەھێنا. ئەم پارتە، بە پاڵپشتی و چاوساغی دەوڵەت، دژایەتییەکی کەم وێنەی ئەندام و ھەوادارانی(پێ. کا. کا)و(ھەدەپە)، دەکات. کار گەیشتە ئەوەی لە ناوچەی (جزیرە)ی سەر بە (شرناخ)، لەڕێکەوتی(28/12/2014)دا، پاش ئەوەی نوێنەری ئەم پارتە لەگەڵ (بولەنت ئارینج)ی جێگری سەرۆک وەزیرانی ئەم سەردەم، کۆبۆوەو ھێرشێکی چەکداری کردەسەر ئەندام و ھەوادارانی(پێ. کا. کا)و سەرەنجام، سێ کەس لەھەردوولا کوژران. ھەروەھا لە(24/5/2015)دا گروپێکی چەکداری (ھودا پار)، بەبەرچاوی پۆلیسەوە، ھێرشیان کردە سەر بارەگاکانی(ھەدەپە).

لە ھەڵبژاردنەکانی(7/6/2015)ی پەرلەمانیشدا، بەناوی (لیستی بێلایەن) بەشداریان کردو نەیانتوانی بەربەستی لەسەدا(10) تێبپەڕێنن و تەنھا(65) شەست و پێنج ھەزار دەنگیان بەدەست ھێنا. لە بنکەی سەرەکییان کە شاری(باتمان)ە، تەنھا چواردە ھەزار دەنگیان ھێنا. لە میتینگ و کۆبوونەوە جەماوەرییەکانیاندا تەکبیریان لێدەداو بە ئەڵڵاھو ئەکبەر دروشمی؛(ئیستقرارو ئازادی-کوردستانی ئیسلامی)یان، دەگووتەوە. لە ھەڵبژاردنی پێش وەختی(1/11/2015)ەشدا، کە مسۆگەربوون دەنگ ناھێنن، ڕێکەوتنێکی ژێر بەژێریان لەگەڵ (ئاک پارتی) کردو ئەندام و ھەوادارانییان ڕاسپارد کە دەنگ بەم پارتە بدەن. لای ئەوان ئاک پارتی زۆر لە (پێ. کا. کا)و(ھەدەپە)، باشترەو سەرکەوتنی ئاک پارتی، بە سەرکەوتنی خۆیان دەزانن. ئەم دەنگانەی کە (ھودا پار) ھەیبوو، ئەمجارەیان ھەمووی بۆ(ئاک پارتی)، ڕۆیشت. بۆ نموونە؛ لە دیاربەکر، ئاک پارتی لە ھەڵبژاردنی(7/6)دا، (122)ھەزار دەنگی ھێنابوو، کەچی لە ھەڵبژاردنی(1/11/2015)دا، دەنگەکانی بۆ (169)ھەزار بەرز بۆوە. لە ماردین لە (76) ھەزار دەنگ بۆ (108)ھەزار، بەرزبۆوە. لە ئورفا لە(365)ھەزار دەنگەوە بۆ (418) ھەزار بەرز بۆوە. لە باتمان لە (51)ھەزار دەنگەوە بۆ (74)ھەزار دەنگەوە، بەرز بۆوە.

 ئێستاکەش، پاش ھەڵبژاردنەکان و ئەم جەنگەی دەوڵەتی تورک کە دژی باکوری کوردستان، بەرپای کردووە، ڕۆژانە شەڕو پێکدادان دەقەومێ، سەرکردەکانی(ھودا پار)، لە جیاتی خامۆش کردنی ئەم جەنگە چالاکی بنوێنن، ڕەوایی بە ھێرشەکانی دەوڵەت دەدەن و بە پاساوی بێ بنەما(پێ. کا. کا)و (ھەدەپە) تاوانبار دەکەن. ئەوان وا دەزانن؛خەڵکی ھوشیار لەگوێی گادا نوستوون و ھەست بەو زوڵم و ناھەقییە بەرامبەر بە کورد ناکەن. . . ئەوان(ھودا پار)، جگە لە پارتێکی مەقاش ئاسا، یان؛(حزب و بزووتنەوەی تۆزوبا)، بەولاوە، ھیچیتر نین. ھەر کاتێک دەوڵەت کاری پێیان نەما، لەیەک ڕۆژدا دەبنە سەراب و وەک پارتەکانی؛(پارتی شۆڕشگێڕی کوردستان)ی عەبدولستار تاھیر شەریف و(پارتی دیموکراتی کوردستان)ی ھاشم عەقراوی، باشوری کوردستان، دەچنە زبڵدانی مێژووەوە

 

Related Articles