ئاخۆ مێژوو لە سەر ئەمە چ بنووسێ ... کەماڵ مام خزری

ئاخۆ مێژوو لە سەر ئەمە چ بنووسێ ... کەماڵ مام خزری

 ئەگەر رەوایە باشووری کوردستان لە بەرەوە پێش بردنی پرۆژە سیاسی و ئابووریەکانیدا بە تێئۆری سیاسی خۆی عەمەڵ بکات، ئەوە ئەو مافە بۆ بەشەکانی دیکەی کوردستانیش رەوایە و بە بڕوای من هەر جۆرە رێگرییەک نابێ جێگای قەبوڵکردن بێت لە لایەن هیچکام لە لایەنە سیاسییەکانی کوردستان، بەتایبەتی رۆژهەڵاتی کوردستانەوە.

هەموو لایەنە سیاسییەکانی باشووری کوردستان پێویستە لەم واقیعە تێبگەن خوێنی هەر پێشمەرگەیەکی ئەم نیشتمانە لە جەستەی زامداری ئەم گەلە ستەم لێکراوە دادەچۆڕێت بە بێ جیاوازی لۆژیکی لە هەموو بەشەکانی کوردستان، کەوابوو باشتر وایە خوێندنەوەیەکی تریان بێت دەر بارەی جوڵانەوەی بەشەکانی تری کوردستان بە گشتی و رۆژهەڵاتی کوردستان بە تایبەتی.

دەیان ساڵە بزووتنەوەی رۆژهەڵاتی کوردستان بووتە قوربانی بە " ئیستلاح '' دەسکەوتەکانی باشووری کوردستان، لایەنە سیاسییەکانی رۆژهەڵات وەک ئەرکێکی نەتەوەیی و نیشتمانی بە هەموو توانای خۆیانەوە وێڕای ئەوەی کە سەرجەم دەسکەوتەکانی باشووری کوردستانیان پاراستووە، هەمیشە ئامادە بووە لە ئەگەری رووبەروو بوونەوەی هەر مەترسییەک بۆ سەر باشوور لە سەنگەرەکانی پێشەوەی بەرگریکردن لە دەسکەوتەکانی باشووردا بێت، ئەمە درووشم نەبووە بەڵکو بە کردەوە هەم لە شاخ و هەمیش لە شارسەلمێندراوە.

بزووتنەوەی رۆژهەڵات بە شێوەیەکی گشتی ئەگەر نەڵێن سەدا سەد لانیکەم نەوەد لە سەدی چالاکییەکانی خۆی بە هەموو شێوازەکانییەوە لە پێناو باشووردا راگرتووە، پرسیار لیرەدایە، ئایا دەسکەوتی بزووتنەوەی رۆژهەڵاتی کوردستان کە خۆی فیدای دەسکەوتەکانی باشوور کردووە چی بووە؟ کە بەرپرسە باڵاکانی حکومەت و حیزبی لە باشوور هەڵبکوتنە سەر بارەگاکانی لایەنە سیاسییەکانی رۆژهەڵات و پەیامی تۆپبارانکردنی بارەگاکانیان لە لایەن کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە پیڕابگەیەنن، ( ئاخۆ مێژوو لە سەر ئەمە چ بنووسێ ) هەر چەند کە لەم بوارەوە مێژووەکە زۆر رەنگین نییە، ئایا گومانی ئەوە ناکرێ کە فکرییەتی سیاسی باشووری کوردستان دووچاری " ئاڵزایمێری" سیاسی بووبێت، ئایا بزووتنەوەی کورد لە باشوور لە ریگای دانوستانەوە لە تەک سەدام حسێن گەیشتە ئەنجام و ئەم دەسکەوتەیان بۆ فەراهەم کراوە، ئایا حکوومەتی ترک ئامادەیە لە رێگای دانوستانەوە کێشەی کورد لە باکووری کوردستان چارەسەر بکرێ یا خۆ بەشار ئەسەد ئەوەی لێ چاوەڕوان دەکرا کە پرسی کورد لە رێگای سیاسییەوە چارەسەر بکرێت لە رۆژئاوای کوردستان، هۆکاری چییە کە رێگا چارەسەری سیاسی بۆ رۆژهەڵاتی کوردستان بووەتە رۆژێڤی سیاسی لایەنە سیاسییەکانی باشوور.

دەیان ساڵە کۆماری ئیسلامی ئێعدام وئەشکەنجە و قەتڵ و عام و تۆپبارانی کۆمەڵانی خەڵک سڤیل و تێکۆشەران و بزووتنەوەی رۆژهەڵات دەکات، ئەم کردەوانەی کۆماری ئیسلامی بۆ لایەنە سیاسییەکانی رۆژهەڵات شتێکی نوێ و دوور لە چاوەڕوانی نییە، تێکۆشانی کورد بۆ رزگاری بە تۆپبارانی داگیرکاران راناوەستێ مێژوو ئەوەی سەلماندووە، مەبنە کارتی گوشار بەسەر بزووتنەوەی رۆژهەڵاتی کوردستان.

بەرێزان، کەسایەتی و حیزب و لایەنە سیاسییەکانی باشووری کوردستان، وەک ئەرکێکی نیشتمانی باشتر وایە ئێوەی شۆڕشگێڕ و خەباتکارانی دوێنێی شاخ و بەرپرس و کاربەدەستانی ئەمڕۆی باشووری کوردستان لەم قوناخەی ئیستادا و لەم هەلومەرجەدا هاودەنگ و هاوخەم و پشتیوانی ئێمە بن، رەنگە لە توێی ئەم بابەتەدا نەگونجێ بوارە سیاسییەکانی شی بکەمەوە، تەنیا ئەوە دەڵێم قورسایی ئێوە هەم لە ناو کۆمەڵگەی کوردەواری و هەمیش روو بەدەرەوەی کۆمەڵگە لە لایەک و تەنانەت رووبەرووی داگیرکارانی کوردستانیش و کۆمەڵگەی جیهانیش لە خوێندنەوەیەکی زۆر سەرەتاییدا بەندە بەو خوێنەی کە لە دەمارەکانی بزووتنەوەی رۆژهەڵاتی کوردستاندا دەگەڕێ ئەگەر نا زۆر بە سانایی دەکرا موعادلەکان گۆڕانکارییان بە سەردا بێت.

لە کۆتاییدا راستە بزووتنەوەی رۆژهەڵاتی کوردستان دەیان هەلی رەخساوی لە پێناو باشووردا بۆ بەرەو پیش بردنی ئەرکە سیاسی و کارو چالاکییە تایبەتەکانی خۆی لە دەستدا و لەم ماوەیەشدا بە داخەوە نەیتوانیوە لە هیچکام لە بوارەکانی سیاسی و نیزامییەوە خۆی رێک بخات و کەم وکووڕی زۆری پێوە دیارە، بەڵام دیسانەوەش سەرەڕای ئەوەی کە لەم سەردەمەدا بە تاک کار کردن لەم پەیوەندییەدا بە باش نازانم، ئەم جموجۆڵەی ئەم دوایانە ئەگەر جێگای شانازی و سەربەرزی نەبێت بێ گومان جێگای گلەیی و گازەندە نییە و رەوا نییە رەخنەی لێبگیردرێت.

2016/6/30

Related Articles