یاداشت نامە ... قادر ئەسعەد

بمخەرە نێو روحی چیاو

تەلان و دوا هەورازێکی بێکۆتایی

لە نێو قاپی پیرە داری بەڕوێکدا

لە نێو ناخی ئەشکەوتێکی زۆر تاریکو

لە ژێر چرای فانۆسێکی تەمەن سڕدا

سر وەکو خەمی لە بیر چونەوەی ئێمە،

بەدەم قومی جگەرەێکی تەنیادا

لە مێژووی خۆمان تەنیاتر

لە سەر دەرگای خۆڵەمێشی زاکیرەتا

بە دەم خەوەی ئێشکگری نێو سەنگەردا

بمکە قەڵەمی کادیرێک

کاغەزێکی خۆڵە مێشی

ڕۆژمێری پێشمەرگەێک بنوسمەوە،

لە تەنیایی خۆم بێزارم

ئاشتم کەوە

لە گەڵ شاخو تەرزەو باران

بەفرو شەختەو سەهۆڵبەندان

لە گەڵ قەندیل سەری هەورێ

لە کێلەشین لە بێستونی سەربەتەمی عاشقاندا

لە چوار چرا لە حزوری پێشەوادە

بمکە شعرێ

لە عشقو ئازادی هێمن

تاریک و ڕونی سپێدەی موکریاندا،

بمکە بە وشەێکی زمانی دایک

لە هەمبانە بۆرینەکەی مام هەژاردا

تەنیا جارێک بمنوسەوە

هەزاران جار بمخوێنەوە،

بمکە بە پەلکەزێرینەی شعرێکی مەست

دوا پێکی خەست

با بە گەرووی نیشتیمان و

شمشاڵەکەی قالەمەڕەو

دەنگی زیرەک وماملێ سەفەر بکەم

پڕ بە دەنگی سەید ئەزغەر بچریکێنم،

زۆر لە سەر خۆ بچمە ئەوێ

گەرمەسێری دڵی گەرمیان

دەست لە ملی تاریکی شەو

یان هاودەردی مانگی بێ خەو،

وەک مامۆستا عەلی مەردان

لە نێو ئای ئای قەتارەکەو ئەڵا وەیسسی

نزاو گریان،

لەوێش بە ڕوناکی وگڵپەی

باوەگوڕگوڕم بسپێرە،

نەکەی ئەوەت لە یاد بچێ

لەم شارەدا

غەریبێکت لێ بەدی کرد

وەک هەواڵگر

هەواڵی ئەو زوو بنێرە،

مناڵانی رەحیماوە پێیان گوتم

بۆ غەریبێ غەیرە کورد بێت

کەس نەیناسێت

بستێک زەوی پێ نافرۆشرین،

چیتر خانوو نادەین بەکرێ

خۆمان خاوەن نەوتی ئێرەین

گەلێک شەرمە دایکی ئێمە

لیترێک نەوت

لە هاوردەی عەرەب بکڕێ،

دەزوو کە دەی مامە فەرەج

کاکە عرفان حەیاتەکەم،

توخوا لە گەڵ بۆڕی نەوتێک

بمبەستنەوە بە بادینان

شاخی گارەو هەکاری هەمیشە بەژان،

لە پێ دەشتی جەزیرەکەی مەمی بۆتان

لە خزمەت مەلای جەزیری

بە لوتفی زۆر سۆزی جاران

با حەزرەتی خانی بمکا

بە فیردەوسی لاوک وحەیران

بمداتە دەستی شەماڵێ

بە گەروی تەڕو تەمبورەکەی جەزیری

بمکاتە مێلۆدێکی باڵا بەرزو پڕ شکۆمەند،

شکۆمەندی بە قەد ناوی ئەو کچانەی

ئەوێ ڕۆژێ لە کۆبانێ

پێیان گوتین کورد ئەمجارە

نا بێت دیل بێو مانای هەڵاتن بزانێ،

لەوێش دوا شعری جگەر خوێن

دەکەم بە ملوانکەی باڵای مێژوو

دەیەخەمە مل پاکیزان وبێدارانی

شەوی یەڵداو شەوی دیچور

دەست دەخمە ملی لالش

لە گەڵ شەنگال ئاشت دەبمەوە

دەبمە خۆری ڕۆژێکی نوێ

لە خاکی کورد هەڵدێمەوە،

هەر لەوێوە لە پایتەختی عەگیدان و

سەری بەرزی چیای شەنگال

بمخەرە نێولولەی تفەنگێکی بڕنەو

لە گەڵ ڕقی ڕەشەباوە

سێر لە دەمی ئاسمان بگرە،

بمدە دەستی هەورێکی توند

با بەگەوارەی بەهارێ

وەک ڕێبورێ

لە نێو چاوی بروسکەدا

بمکاتە ڕێژنەی بارانێ

لە وشکە ساڵی وراتێ

لە وەرزێکی ناوەختدا

لە دەشتی کاکی بەکاکی

هەولێرەکەم بێمە خوارێ

لەوێش وەکو پەرسێلکە ماندوەکان

بە نێوگەروی هیشکی ئاقارو زورگانی

قەراجو کەندێناوەدا گوزەر بکەم

تا دەبم بە گوڵە گەنمێ

مسۆگەرکەم

نانی ئەمرۆو سبەینێکەم،

لەوێشەوە بمدە دەستی قەدرێکی زۆر بە پەلە،

بمکە بە کلیلی وشە نهینیەکان

وەک شەپۆڵی کورتی رادیؤ

وەک تەنزیمێک

ئەم هەوڵەم پێ بنێرە

تا دەگەمە بەر دوکانی تەنیکارێک

ئێستا لەوێم، دڵم خۆشە

گوێ لە ترپەی هەناسەکەی ئەو دەگرمو

وەک بڵند گۆ

بۆ نیشتیمان دێتەوە گۆ،

پرسیاری کرد،

فەرموون قوربان چیتان دەوێت؟

لە خزمەتم هەر لە کتێب

مەترێک وایەر میلی ڕادیۆ

عبدالخالق جیدەهێلین،

بەرو قەڵاو قەیسەری شار

بۆ پشوێک چا خواردنەوە بەرەو مەچکۆ

کەمێک مەست بوون سەر بادانمان

لە گەڵ میری حەیران بێژان،

هەر بەدەم چا خواردنەوێک

لە سۆراخی پیربال و زامدارمان پرسی

تا بزانین چی ڕویداوە،

چاومان کەوت بە مشکۆی ماندوو

لێمان پرسی ئاخۆ ئێستاش

ماچی لەپی لەحلی دەکات

لە سەر شەرتی جاران ماوە؟

هەر لە مەچکۆ کاوێس ئاغا

لە سەر باڵی لاوکێکی شێخی نەمر

گەیاندیمیە سلێمانی،

ئێستا هام لە مامەیارە

گردێک لە گوڵزاری شعر

کێوی هەتوان

دوا مەنزڵی کەڵە پیاوان

مێژوی شارم لێ دیارە،

لەوێ پیرەمێرد لێی پرسیم

خێرە هاتووی؟

بڕۆ چاوی ئەم ئاسمانەم بۆ بهێنە

ئەستێرەکانیش بکە بە تەتەری شەو

قەڵەمەکەی شاکر فەتاح لە بیر مەکە

بەڵام توخوا قەت بەم زامە ڕام مەهێنە

تا نەزانم گڵکۆی قادر کابانەکەم

لە کام شوێنە،

هەر لەم گردە بێ هاوتایە

لە گەڵ دەنگی ئەحمەد شەماڵ

کەوتمە رێگا بۆ هەڵەبجە،

لە دەروازەی ئەم شارەدا

شاری هەمیشە کفن سپی

عومەر خاوەر بەیاوەری فریشتەێک

بە چاوێکی پڕ لە گومان

بۆ پشکنین هاتەپێشێ و

بە ئاسپایی سەیری کردین،

لە ناخێکی پڕ لە هەژان

پرسیاری کرد

کەس لە ئێوە حەلقە لە گوێ و وبەعسی نیە؟

زۆر لە سەرخۆو بە هێمنی

خۆمان ناساند

نەخێر گەورەم دڵنیابە هەموو پاکین،

دەستی خستە نێو کەشکۆڵی

روحی بۆن و ڕەگی داردا

رۆمانی ئافاتی سێوی

پێشکەشکردین

پێشی گوتین بە هێمنی بیخوێنەوە،

ئاگادار بوو لەم هەرێمە چی روئەدات

بە دەم ئاهو حەسرەتەوە

تەنیا وەسیەت کە بۆی کردین

لە گەڵ یەکا ئاشتبینەوە

ئاشتبینەوە

دەنا بۆ کورد عەلی زۆرن

وەکو دوێنێی هەڵەبجەمان لێ دێتەوە.

Related Articles