ئەلفینا ... ئیبڕاهیم لاجانی

چەند ساڵە پێکەوە کاردەکەین. هەردوکمان بەڕەچەڵەک ڕەگمان دەچێتەوە دەرەوەی نۆروێژ. من وەک پەنابەر هاتوومەتە ئەو وڵاتەو ئەویش شوی بە پێاوێکی نۆروێژی کردوە. داستانی ژیانی هەر کاممان جۆرێکە. بەڵام گوێ لێک دەگرین. بۆمن سەنگی سەبوور و خوشک و هاوکار و لەەوەش زیاتر مامۆستایەکی گەورەیە.

زۆر دەخوێننمەوە، کەچی لە کردوەدا پتر لە هەرکەسێکی دیکە لە ئەلفینا فێردەبم. ژیانی بە هەموو تاڵی و شیرینیەکانیەوە خۆش دەوێت. بەخۆی ڕادەگات. ئاگای لە ماڵ و مێردو کچەکانیەتی. سەری حاڵ و لێو بەبزەیە . ئاگای لە ئێمە هاوکارەکانیەتی. جەژن و ڕیوڕەسمەکانی قوتابخانەکەمان رێکدەخات. بەجوانترین شێوە سفرە و مێزی نانخواردن دەڕازێنێتەوە. دەستپوختی خۆش و بەتام و چێژە. بەڕاستی خاتوونە. تەمەنی زۆر لەسەرێ یە، بەڵام کەبیبینی برواناکەی ئەو خانمە دایکی چەند کچی سەرەوەی بیست ساڵبێت. بۆخۆی دەگەڵ کچە گەورەکەی بە رەنگ و روخسار زۆریان فەرق نیە. یەکپاڕجە ئینێرژی و ڕووحیەو تواناو لێوەشاوەییە. لێم پرسی رازی ئەو جوان مانەوەت لە چیدایە؟ ئەو هەموو هێزو ئینێرژیە لە کوێ وەردەگری؟ چۆن دەتوانی ئاوا دەوروبەرت بخەیتە ژیر تەئسیری خۆت؟ گوتی ئەوە بەشێکە لەفەرهەنگی من . وتم پێم خۆشە بەکورتی خاڵە سەرەکیەکانی ئەو فەرهەنگەم بۆ باسکەی. لە وەڵام دا گوتی بۆ ئەوەی جوان بژی و جوان بمێنی دەبێت خۆت و ژیانت خۆش بوێت. چۆن؟

لەباری فیزیکیەوە بەدەنت بەکاربێنە. وەرزش بکە، کاری نێوماڵێ وەک شانس ببینە بۆ دەکارکردنی لەشت. بنەماڵە و کەسوکار و مندال و دەروجیرانەکانت خۆش بوێن. خۆشەویستی بەسەر دەوروبەرتدا دابەشکە. کانی موحیبەت تا زۆرتری لەبەر بڕوا زۆرتر لێی هەڵدەقوڵێ. ئەرکەکانت لە ماڵەوە و لە نێو کۆمەڵدا و لە شوێنی کاردا بەجوانی جێبەجێ بکە. خۆت و گەڕەک و شار و گوندەکەت باش بناسە. قارەمانە کانی مێژووی ولاتی خۆت و بەشەریەت بناسە و لەسەریان بخووێنەوە. ئەوانە ئیلهام بەخشی ئێمەن. میژووی وڵاتەکەت و میللەتی خۆت بزانە. مۆسیقاو هونەر و ئەدەبیاتی محەللی و میللی و جیهانی گوێ لێبگرە و بخوێنەوە. تێکۆشە شایی و سەماو هەڵپەركێ فێربی و لە هەر موناسەبەتێکدا کە بۆت هەڵدەکەوێت هەڵپەڕەو سەمابکە. بە دڵەوە خواردن سازکەو بە عیشقەوە پێشکەشی ماڵ و مێرد و کەسوکار و میوانەکانتی کە. جلی جوان دەبەرکە. بۆ میوانی و شایی و سەیران و زەماوەند و ڕێوڕەسمەکان خۆت بڕازێنەوە. تێکۆشە لە میوانیەکاندا تیشکان باوێیت و سیگناڵی موسبەت بنێرێ بۆ دەوروبەرت. دەگەڵ دۆست و رەفیق و ئاشنایانت بچۆ سینەما. هەفتەی جارێک دەگەڵ مندالەکانت یا هەرکەسێکیدی کە دڵت پێی دەکرێتەو بچۆ مەلە. گۆرانیە محەللیەکان فێربەو بیان ڵێوە. خواردنی محەللی و خەڵکانی دیکە بخۆ و زۆرتر سەوزەو میوە بەکاربێنە تا گۆشتی سور و چەوری و برنج و شتی لەو چەشنە. سەردانی شووێنە جوانە کان بکە، موزەخانەکان، گالەریەکان، کێو و دەشت و چەم و رووبارەکان. بەیانان چەند هەناسەی قوڵ هەڵمژە. دەگەڵ مێردەکەت، یا هاوسەرەکەت زۆر پێکەو بنوون. سەفەران بکەن، برۆنە پیاسە، هەموو رۆژێ لە ماڵێ وەدەرکەون و بە قەدەم لیدان پێکەوە بڕۆن. سێو زۆر بخۆن. لەوەش زیاتر پێویستە کودەکانی پێوەندی گرتن و کۆمیونیکاشۆن بۆ ژیان لەگەڵ ئینسانەکانی دیکە فێربیت. وتم ئەو کودانە چین؟ لە وەڵامدا وتی:

دەگەڵ خەڵکی قسەبکە. هیچ شتێک لەوە جوانتر و بڕماناتر نیە قسەی خۆش دەگەڵ خەڵک بکەی و وشەو کەلیماتی جوانت لە دەم بێنەدەر. ئاخر هیچ شتێک وەک وشەی جوان ناچێتە نێو دڵانەوە.

تێکۆشە لەگەڵ خەڵک و دوروبەرت میهرەبان بیت. هەمیشە دەم بە بزەو لێوبە پێکەنین بە.

حەیفە لەو دەرفەتانە کەڵکوەرنەگری و شادی و سەری حال بوون بە خەڵک نیشان نەدەی. بە ناو بانگی خەڵکی دەروبەرت کە. خۆشترین دەنگ و جوانترین موزیک لە گوێی هەر کەسێکدا بریتیە لەوە کە ناوی خۆتت لە دەمی کەسانی دیکەوە گوێ لێ بێ.

تێکۆشە هاوڕێ و دۆستی کەسانی دیکە بیت. هەوڵدە بە هاوار و یارمەتی ئەو کەسانەوە بچی پێویستیان پێتە و لە دەوروبەرتن. دۆستەکانت بگرەو لە دەستیان مەدە. بە دڵەوە دەگەڵ خەڵک و دۆست و ئاشناو کەس وکارت قسەبکە و ڕەفتاربکە. دڵت بدە بە کەسانی دەوروبەرت و بەدڵبە. هەرچی دەیکەی بە ڵەوە بیکە، لەکار و ژیان و بەرنامەکانی رۆژانەتدا جدیبە.

هەوڵدە خەڵکانی دیکە، کەسانی دەوروبەرت بە هێند بگری، بە چاوی رێز و حورمەت و گەورەییەوە سەیری کەسانی دیکە بکە. خەڵکت خۆشبوێت. هەموو ئینسانەکان پڕبایەخ و رێزدارن، لەبیرت بێ ئەوە تۆی ئەرکی سەرشانتە لەکاتی بەرەوڕوبون لە گەل کەسانی دیکەدا وەزیفەتە ئەو رێزە بە خەڵک نیشاندەی کە هەیانە. لە تەشویقی خەڵک و هاندانی خەڵک و ورەدان بە کەسانی دیکەیدا دەست و دڵ ئاواڵابە. هاندان و رێگای باش بۆ کار و خوێندن و هەستانەوە پێشانی خەڵک دان، دەرمانە و لەش و گیانت لە دەردو ئازار دەپارێزن. تا ئەوجێیەی بۆت دەکرێ بە خراپە باسی کەسانی دیکە مەکە، ڕەخنە کەمبگرە، عەیب و کەموکووڕی کەسانی دیکە لە دڵیخۆتدا ڕاگرە، هەمیشە خاڵە بە هێزو جوانەکانی کەسانی دیکە باسکەو ببینە.

گوێ لەخەڵک بگرە. نەزەری خەڵکانی دیکەت بۆ گرنگ بێت. کەسانی دی و ڕوانگەو نەزەراتی ئەوان بە هێند بگرە.

لە هەمووی ئەوانە گرنگتر ئەوەیە کە هەمیشە بۆ یارمەتیدان و بە هاواری خەڵکەوە چوون ئامادەبە. لەبیرت بێت ئەوەی لە ژیانی هەر ئینسانێکدا لە هەرشتێکی دیکە پر بایەخترە ئەوەیە کە چەندە بۆ یارمەتیدانی کەسانی دیکە ئامادەی. ئەوەی مانا بە ژیانی ئێمە وەک ئینسان دەدات ئەوەیە کە چەندە لەخەمی خەڵک و ئەوکەسانەداین کە چاوەڕوانی یارمەتیان لە ئێمە هەیە.

وتی ڕازی جوان مانەوەی من و سەری حاڵ بوون و شادبونم لەوەدایە. من لەمەموو ساتەکانی ژیان کەڵک وەردەگرم جوان بژیم و چوانی و موحیبەت دابەشکەم بەسەر دەوروبەرمدا. وتم باشە ئەوە زەحمەت نیە؟ وتی نا ئەسڵەن زۆر ئاسانە بەومەرجەی خۆت بتهەوێت. بەتاقی کەوە .

ئیبڕاهیم لاجانی

٢٣. ١٠. ٢٠١٦

ئۆسلۆ

Related Articles