چیرۆک بۆ منداڵان . . باخچـەی نـاز ... رەزا شوان

ناز کچێکی جوانکیلە و رووخۆشە . . زۆر زیرەک و دانا و ژیرە . . لە لای هاوڕێکانی و مامۆستاکانی زۆر خۆشەویستە . . ئەویش هەموویانی خۆشدەوێ و رێزیان لێدەگرێ . ناز زۆر حەزی لە گوڵ و گوڵزار و لە باخچەیە . . بەهرە و توانایەکی زۆر باشیشی لە وێنەکێشان و لە نەخشەسازیدا هەیە . . هەر لە منداڵییەوە وێنەی باخچە و گوڵ و گوڵزار و شەقام و بازاڕ و دیمەنە جوانەکانی کوردستانی دەکێشا . . ناز هەموو ساڵێک بە یەکەمی پۆلەکەی دەرچووە . . هەموو ساڵێکیش، بە چەند تابلۆیەکی وێنە بەشداریی لە پێشانگاکانی ساڵانەی قوتابخانەکەی و لە پێشانگاکانی قوتابخانەکانی شارەکەیدا کردووە و، خەڵات و بڕوانامەی رێزلێنانی بەدەست هێناوە .

لە ناوەڕاستی ئەو گەڕەکەی کە ماڵی نازی لێیە . . زەوییەکی گەورەی شارەوانی هەبوو. پێرار شارەوانی بڕیاری دا، کە ئەو زەوییە بکات بە باخچەیەکی قەشەنگ و جوان بۆ گەڕەکەکە . . بۆ ئەم مەبەستەش، شارەوانی لە تەلەفزیۆدا، پێشبڕکێیەکی بۆ جوانترین نەخشەی باخچەکە راگەیاند . . خەڵاتێکی بە نرخیشی بۆ " جوانترین نەخشە " تەرخان کرد . . پێرار ناز لە پۆلی شەشەمی بنەڕەتیدا بوو . . ناز گوێی لە راگەیاندنی پێشبڕکێکە بوو . . زۆری پێخۆشبوو کە پێشی ماڵیان دەکرێت بە باخچە . . لەبەر خۆشییەوە وتی : " ئەی بۆ منیش بە نەخشەیەکی جوان بەشداری لەم پێشبڕکێیەدا نەکەم . . خۆ ئەگەر خەڵاتەکەش نەبەمەوە هیچ زیانێک ناکەم " نیاز بڕیاری دا کە بەشداری لە پێشبڕکێکەدا بکات . . مانگێک بۆ وەرگرتنی نەخشەکان دیاری کرابوو . . ناز بیری لە نەخشەیەکی جوان و شایستە کردەوە . . لە ماوەی ئەو مانگەدا، لە پەڕاوی وێنەکێشانەکەیدا، زیاتر لە دوانزە نەخشەی جۆراوجۆری بۆ باخچەکە کێشا . . تا لە دواییدا، را و بیرۆکەکانی لە نەخشەیەکدا گەڵاڵە کرد . . لەسەر کارتۆنێکی سپی گەورەدا، بە بۆیەی رەنگاوڕەنگ نەخشەکەی کێشا . . بە ریزە داری هەمەجۆرە و گۆڵزاری گوڵ هەمەڕەنگە و بە چیمەن و سەوزایی و، بە شوێنێکی تایبەتیش بۆ یاری منداڵان رازاندییەوە . . گۆلە ئاوێکیشی لە ناوەڕاست باخچەکەدا کێشا، کە لە چەندین لاوە ئاوفشقێن ئاویان هەڵئەدا . . کە بە لای نازە ئاو هۆی ژیانی مرۆڤ و رووەک و گیانەوەرانە . . لە زۆر شوێنیشدا شوێنی دانیشتنی دانابوو . . لە دەروازەی باخچەکەشدا وێنەی پەیکەری دوو منداڵی کوڕ و کچی بە جلی کوردییەوە کێشابوو . . گوزارشتە لەوەی کە منداڵان نەوەی ئەمڕۆن و هیوای گەشی دواڕۆژن . . گوزارشتە لە یەکسانی لە نێوان کچان و کوڕاندا . . هەر بەشێکیش لە بەشەکانی باخچەکەی، بە ناوی پێشمەرگەیەکی قارەمانی شەهیدی گەڕەکەکەیانەوە ناونابوو . . ئەمانە و گەلێ بیرۆکە و گوزارشتی نیشتمانی جوانی تر لە نەخشەکەیدا هەبوون . . ناز ناوی خۆی و ناونیشانی ماڵەکەیان و ژمارەی تەلەفۆنەکەی باوکیشی لە لای چەپی خوارەوەی نەخشەکەدا نووسی . . بەڵام تەمەنی خۆی لە سەری نەنووسی . . ناز نەخشەکەی پێشانی دایک و باوکی دا . . بەلایانەوە زۆر جوان بوو . . زۆر ئافەرین و دەستخۆشییان لێکرد . . هەر ئەو رۆژەش باوکی نەخشەکەی گەیاندە شارەوانی .

تێکڕا پانزە نەخشە گەیشتبوونە شارەوانی . . دوای هەفتەیەک سەرۆکی شارەوانی بە سەرۆکایەتی خۆی و ئەندامێتی چوار ئەندازیار، لیژنەیەکی بۆ هەڵبژاردنی جوانترین نەخشەی باخچەکە پێکهێنا . . لیژنەکە زۆر بە وردی، لە هەموو روویەکەوە یەک بە یەکەی نەخشەکانیان هەڵسەنگاند . . ئەندامانی لیژنەکە، زۆر سەرسامی نەخشەکەی ناز بوون . . بە تێکڕای دەنگەکانیان، بە " جوانترین نەخشەی باخچەکە " هەڵیان بژارد.

شارەوانی ئەنجامی پێشبڕکێکەیان، لە تەلەفزیۆن و لە چەند رۆژنامەیەکدا راگەیاند . . داواشیان لە ناز کرد . . کە براوەی جوانترین نەخشەی باخچەکەیە . . بە زووترین کات سەردانی شارەوانی بکات . . بۆ وەرگرتنی خەڵاتەکەی .

ناز کە لە تەلەفزیۆندا گوێی لە ناوەکەی بوو . . زۆر زۆر گەشایەوە . . گەر باڵی ببوایە لە خۆشیدا دەفڕێ . . دایک و باوکی تێر ماچیان کرد . . ئەو شەوە ناز لە خۆشیدا خەوی لێنەکەت . . شەو بە لایەوە زۆر درێژبوو . . بۆ بەیانییەکەی ناز جوان خۆی گۆڕی و لەگەڵ دایکیدا چوون بۆ شارەوانی . . بۆ وەرگرتنی خەڵاتەکەی . . سەرۆکی شارەوانی و ئەندامانی لیژنەکە بە گەرمی بەخێرهاتنیان کردن . . دایکی نـاز، وتی : " ئێـمە بۆ وەرگرتنی خەڵاتی جوانتـرین نەخشەی باخچـەکە هاتووین . . سەرۆکی شارەوانی بە دایکی نازی وت : " زۆر بەخێربێن و . . دەستەکانتان خۆشبێ و جوانترین پیرۆزباییتان لێدەکەین . . بەپێی نەخشەکەتان، وا دیارە کە بەڕێزتان ئەندازیارێكی لێهاتوون . . ؟ " دایکی ناز بە زەردەخەنەیەکەوە وەڵامی دایەوە : " ببوورن، من خەڵاتگری پێشبڕکێکە نیم . . ئەمە نازی کچمە و لە پۆلی شەشەمی قوتابخانەی بنەڕەتی دایە، ئەو نەخشەکەی باخچەکەی کێشاوە نەک من . . بیرۆکەکەشی هەر بیرۆکەی خۆیەتی " لە سەرەتادا نە سەرۆکی شارەوانی و، نە ئەندامەکانی تری لێژنەکە بڕوایان نەکرد، کە نەخشەکە لە لایەن نازەوە دانرابێت و کێشرابێت . . بەڵام کە ناز بۆ بڕواپێکردنیان ناسنامەکەی خۆی و، هەموو نەخشەکانی ناو پەڕاوی وێنەکێشانەکەی پێشاندان . . کە بۆ باخچەکە کێشابوونی . . زۆر بە جوانیش بیرۆکەکانی نەخشە گەڵاڵە کراوەکەی بۆ راڤەکردن . . ئەوسا بڕوایان پێکرد و . . زۆر ئافەرین و دەستخۆشی و، پیرۆزبایشیان لێکرد . . چەپڵەیەکی قایمیشیان بۆ لێدا. . ئینجا سەرۆکی شارەوانی میدالیایەکی زێڕی لە مل ناز کرد و . . تەوقەی لەگەڵیدا کرد . . بڕوانامەی رێزلێنانیشی پێشکەش کرد . . پیرۆزبایشی لێکرد و . . هیوای دواڕۆژێکی گەش و مەزنیشی بۆ خواست . . هەر بۆ رێزلێنانیش، بۆ زیرەکی و بەهـرە و دانایی نـاز . . ئەندامەکانی لیژنەکە بڕیاریان دا و، باخچەکەیان ناونا " باخچەی نـاز " . . دایکی و نازیش زۆر سوپاسی لیژنەکەیان کرد .

 

Related Articles